
لە درێژەی هێرش و هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا، محەممەدجەواد لاریجانی، بەرپرسی نووسینگەی پێشووی ستادی مافی مرۆڤی دەزگای بەناو دادوەری، بە وتەگەلێکی هاندەرانە لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەری هێرشەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هۆشداری داوە و ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە زەربەیەکی لەناکاو لە ڕێگادایە.
لاریجانی بە ئاماژە بە ئەگەری دووپاتبوونەوەی دەرگیرییە سەربازییەکان وتی: ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن کە ئەگەر ئەم هێرشە بکەن، زەربەی قورسیان بەر دەکەوێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل وتی چاوەڕوانی ئەم جۆرە تێکنۆلۆژییە لەم شەڕەدا نەبووین و هەروەها دانی بە جێگیربوونی بەربڵاوی هێزەکانی ئیسرائیل لە ئێراندا نا.
ناوبراو لە هەڕەشەیەکی ئاشکرادا دژی ئەمنیەتی ئورووپا هۆشداری دا کە ئەگەری هەیە تا ماوەیەکی دیکە پێنج پەهباد هێرش بکەنە سەر شارێکی ئورووپایی.
ئەم قسانە لەکاتێکدان کە کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە لەگەڵ قەیرانی توندی نێوخۆیی وەک هەڵاوسان، بێکاری و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵک بەرەوڕوویە و لەلایەکی دیکەوە بە سیاسەتی هێرشبەرانەی ناوچەیی و جیهانی، ئێرانی زیاتر لە پێش خستووەتە سەر ڕێبازی بەرەنگاربوونەوەی سەربازییەوە.