کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فارس: ئیسرائیل بە ٦ بۆمب شوێنی کۆبوونەوەی سەرۆکانی هەر سێ دەسەڵاتی کردووەتە ئامانج

11:05 - 22 پووشپەڕ 2725

هەواڵدەریی "فارس"ـی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا کۆمەڵێک وردەکاریی نوێی لە سەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ڕابردوودا باس کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم بە ئامادەبوونی سەرۆکانی هەر سێ دەسەڵات، ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان لە چوارەمین ڕۆژی شەڕدا، لەژێرزەویی بینایەک لە ناوچەی ڕۆژاوای تاران کۆبوونەوەیەک بەڕێوە دەبات.
ڕاپۆرتەکە بەبێ ئاماژەدان بە هیچ سەرچاوەیەک زیادی کردووە کە ئیسرائیل لە ڕێگەی ٦ بۆمب یان مووشەکەوە هەموو ڕێگەکانی هاتنەدەرەوە و چوونەژوورەوەی بۆ بیناکە کردووەتە ئامانج.
فارس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "پاش ئەنجامی هێرشەکە کارەبای بیناکە دەبڕێت، بەڵام بەرپرسانی باڵا لە دەلاقەی چوونەدەرەوەی بەپەلە و فریاکەوتنەوە لە بیناکە دەچنە دەرەوە".
ئەم هەواڵدەرییەی سەر بە سپای پاسداران باسی لە برینی سووکی هێندێک لە بەرپرسان لە کاتی چوونەدەرەوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری رێژیم لەو کاتەدا قاچی بە سووکی بریندار بووە.
فارس لە پێوەندیی لەگەڵ زانیارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامی ئەم هێرشە ڕایگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە سیخوڕێک زانیارییەکانی ئەم کۆبوونەوەی ڕادەستی ئیسرائیل کردبێت و ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
تاکوو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بەفەرمی ئەنجامی ئەم هێرشەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ لێدوانێکیان لەسەر نەداوە.
پێشتر عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری خامنەیی، ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل شوێنی کۆبوونەوەکەی دۆزیوەتەوە و لە هەوڵدا بووە کە سەرۆکانی هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانەر و جێبەجێکار لەنێو ببات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.