کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی کوردپا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە پارێزراوبوونی پێکهاتەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی

11:22 - 22 پووشپەڕ 2725

لە سی و شەشەمین ساڵرؤژی تێرۆری دوکتور عەبدوڵرەحمان قاسملوو و هاوڕێیانیدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا، باسی لە ئازادکردنی تۆمەتباران لەم دۆسییە و بەرپرسایەتیی وڵاتی ئوتریش لە بێدەنگی لەمەڕ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی پاش تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ کردووە.

کوردپا لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵی داوە لە سی و شەشەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوودا، خوێندنەوەیەکی ورد و بەڵگەمەند، شرۆڤەیەکی یاسایی_سیاسی لە لایەنەکانی دۆسییەکە و داواکارییەکی ڕوون بۆ بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ بکەران و کۆتاییهێنان بە پارێزراوبوونی پێکهاتەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە بدات.

ئەم ڕاپۆرتە، لە بەشگەلێکی جیاوازدا پەرژاوەتە سەر ئەم پرسە کە بریتین لە: گێڕانەوەی تێرۆرەکە، بەڵگەکانی دەستێدابوونی کۆماری ئیسلامی وەک لێکدانەوەی شوێنی ڕووداوەکە، چەکەکان، شاهێدیدانی ناتەبا و هەڵسوکەوتی گوماناویی بکەران، ئامێری زەبتی نێو کۆبوونەوەکە، ڕای کۆتایی بەرپرسی پۆلیسی دژەتێرۆری ئوتریش، کەمکاریی دەوڵەتی ئوترش وەک ئازادکردنی گومانلێکراوان، دواخستنی بڕیاری دەسبەسەرکران، مامەڵەی ئەمنیەتی و پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵیننامە نێودەوڵەتییەکانی ئوتریش، بۆچی ئوتریش لە ماوەی ٣٦ ساڵدا بەدواداچوونی بۆ دۆسییەکە نەکردووە، پێگەی ئێستای بکەرانی تێرۆرەکە و بەرپرسایەتیی کۆماری ئیسلامی، قەتڵە زنجیرەییە سیاسییەکان لە ئورووپا، گێڕانەوەی بنەماڵەکان و هەوڵە بێ ئاکامەکان، لێکدانەوەی یاسایی و بەرپرسایەتیی بەدواداچوونی جیهانیی تێرۆری دوکتور قاسملوو، کراوەبوونی دۆسییەی تێرۆرەکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا و داواکارییە ئاشکراکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئوتریش و ناوەندە مافی مرۆییەکان.

لە بەشی کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا کوردپا باسی لە کرانەوەی فەرمیی دۆسییەکە لەلایەن دەوڵەتی ئوتریشەوە بە پشتبەستن بە بەڵگەکان و شاهیدەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە تێرۆری دوکتور قاسملوو نەتەنیا لە ڕوانگەی مێژووییەوە بەڵکوو لە ڕوانگەی یاساییەوە دۆسییەیەکی کراوەیە. کۆمەڵگەی جیهانی، دەوڵەتی ئوتریش و دادگاکانی وڵاتانی سێهەم لە بواری یاسایی و ئەخلاقییەوە بەرپرسیارن لەوەی کە لە بەرانبەر ئەم جینایەتەدا بێدەنگ نەبن.

بەم پێیە ئەم دۆسییەیە چیدیکە تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی یان داواکارییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هێمای دادپەروەریی دواکەوتوو و تاقیکاریی ڕاستگۆیی وڵاتانی ئورووپایی لە بەرانبەر پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤە. جینایەت لە ڤییەن کاتێ ڕادەوەستێ کە هەقیقەت وەک خۆی قەبووڵ بکرێ و دادپەوەرەی جێگیر بێت و پارێزرابوونی بکەران تێک بشکێندرێت.