کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورشەلیم پۆست: ئیسرائیل چەند ئەندامی سپای پاسدارانی لە سووریە دەسبەسەر کردووە

11:45 - 22 پووشپەڕ 2725

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی لقی قودسی سپای پاسداران، بە مەودای ١٠ کیلۆمیتر چوونەتە نیو قووڵایی خاکی سووریەوە.
ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری فەرماندەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە هێناویەتی کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەبێ تەقاندنی هیچ فیشەکێک، ئەندامانی لقی قودسی سپای پاسداران کە ئامادەکارییان بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا کردووە، دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئیسرائیل بە بێدەنگی لە ڕووباری "ڕەقاد"ـەوە دەچنە نێو گوندێک لە خاکی سووریە و پاشان لە چەند گرووپی جیاجیادا هێرش دەکەنە سەر چەند خانوو کە ئەندامانی سپای تێدا جێگیر کراون و دواتریش بەبێ ئەوەی کە هیچ تێکهەڵچوونێک لە گوندەکەدا ڕوو بدات، دەسبەسەرکراوان دەبرێنە نێو خاکی ئیسرائیلەوە.