کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ڕێژیم ڕاستیی ڕووداوەکان دەشارنەوە

10:34 - 11 پووشپەڕ 2725

هاووڵاتییان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی باسیان لەوە کردووە کە ئاسەواری دووکەڵ و ئاگرکەوتنەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری تاران جاروبار دیتراوە بەڵام تاکوو ئێستا میدیاکانی سەر بە ڕێژیم هیچ باسێکیان لەو ڕووداوانە نەکردووە.

سەرەڕای ڕاوەستانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێراندا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار هەواڵی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لەگەڵ وەکارکەوتنی پەدافەندی ئاسمانی لە تاران بڵاو بووەتەوە.

میدیاکانی ڕێژیم ئەو تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوانەیان، تەقینی کەپسوولی گاز بڵاو کردبووەوە یا وەکارکەوتنی پەدافەندی ئاسمانییان بە پرۆڤەی ڕۆژانەی هێزە نیزامییەکان باس کردبوو بەڵام لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵک باسیان لەو ڕووداوانە کردووە کە بەهۆی پەدافەندەوە چەندین ئۆتۆمبێلی خەڵک زیان پێگەیشتووە و هەروەها وێڕای پەدافەند، ڕێژیم پەهپادیشی وەکار خستووە.

لەگەڵ ئەوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران تەواو بووە، بەڵام ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە هەوڵ دەدەن ئاسمانی ئێرانیان بە دەستەوە بێت و ڕێگری لەوە بکەن کە ڕێژیمی ئێران درێژە بە چالاکیی ناوکیی خۆی بدات.

بڕیار وایە دووشەممەی داهاتوو "بێنیامین نێتانیاهۆ" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بچێتە کۆشکی سپی ئامریکا و لەگەڵ ترامپ کۆ بێتەوە و لەبابەت پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێران گفتوگۆ بکرێت.