کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنوێنی چارەڕەشی لە بەهاری ١٤٠٤؛ بەرزبوونەوەی جێگای نیگەرانیی هەڵاوسان و بێکاری

12:36 - 22 پووشپەڕ 2725

ناوەندی ئاماری ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی ئابووری، پێنوێنی چارەڕەشی (کۆی نرخی هەڵاسان و نرخی بێکاری) لە بەهاری ١٤٠٤ی بڵاو کردووەتەوە کە نیشاندەری خراپیی دۆخی ژیوی خەڵک لە سەرتاسەری ئێرانە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێنوێنی چارەڕەشیی سەرتاسەری ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٣، بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەبووە و نیشاندەری چڕبوونەوەی کێشە ئابوورییەکان لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدایە.

نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لەم ماوەیەدا ٣٤.٥ لەسەد و نرخی بێکاریی وەرزی بەهار ٧.٧ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

١٧ پارێزگا پێنوێنی چارەڕەشیی بەرزتر لە نێونجی وڵاتیان تۆمار کردووە و پارێزگای خووزستان بە نرخی هەڵاوسانی ٣٥.٦ لەسەد و بێکاریی ١١ لەسەد، بەرزترین پێنوێنی چاڕەڕەشیی بە ٤٦.٦ بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

پاش خووزستان، پارێزگاکانی کرمان و لوڕستانیش بە پێنوێنی چارەڕەشی ٤٥.٩ و ٤٥.٨ لە پێگەی دووهەم و سێهەمدا جێگا دەگرن.

هەروەها پارێزگاکانی ئیلام بە ٤٥.٥. سنە بە ٤٤.٤، ورمێ بە ٤٣.٣ و کرماشان بە ٤٣ زۆرترین نێونجی وڵاتیان لە بواری پێنوێنی چارەڕەشی هەیە.

لە خاڵی بەرانبەردا، پارێزگاکانی خوراسانی باشوور، یەزد و زەنجان کەمترین پێنوێنی چارەڕەشییان تۆمار کردووە؛ پێنوێنی چارەڕەشیی خوراسانی باشوور ٣٧.٩ لەسەد، یەزد ٣٨.٦ و زەنجان ٣٩.٦ ڕاگەیەندراوە.

ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێستا ڕێژیم بۆ کۆنتڕۆڵی هەڵاوسان و پێکهێنانی هەلی کار بێ کەڵک بووە و ئەگەر ڕەوتی ئێستا درێژە بکێشێ، گوشاری ئابووری بۆ سەر چێن و تویژەکانی کۆمەڵگە زیاد دەبێت.