کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ئامارەکان سەبارەت بە کوژراوانی شەڕ لە ئێران

12:39 - 22 پووشپەڕ 2725

وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ٩٤٣ کەس کوژراون و ٨ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
ئەسغەر جەهانگیری ڕایگەیاندووە کە بەپێی دوایین ئامارەکانی پزیشکی داد، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێراندا ٩٤٣ کەس کوژراون و ٨ کەسی دیکەش تاکوو ئیستا بێسەروشوێنن.
 ناوبراو ئاماژەیەکی بە ڕێژەی بریندارانی ئەم شەڕە نەکردووە.
ئەم ئامارەی جەهانگیری لەکاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردوو سەعید ئەوحەدی، بەرپرسی "بونیاد شەهید و ئیسارگەران"ـی ڕێژیم، ڕایگەیاندبوو کە تاکوو ئێستە ١٠٦٠ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و ئەگەریشی هەیە کە ئەم ئامارە تاکوو ١١٠٠ کەس بەرز بێتەوە.
وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زیادی کردووە کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین، ٥ بەندکراو بە تاوانە ماڵییەکان کوژراون و هەروەها چەند بەندکراویش توانیویانە لە بەندیخانەکە هەڵ بێن کە ئاماژەیەکی بە تاوانەکانیان نەکردووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانیی ٢٣ی جۆزەردان هێرشی بەربڵاو بۆ سەر بنکە و بارەگا ناوکی و سەربازییەکانی ئێرانی دەست پێ کرد. هێرشەکان بە چڕی تاکوو ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوون و بەشێکی زۆر لە ژێرخانە سەربازی و ناوکییەکانی ڕێژیم لەم هێرشانەدا بە تەواوەتی لەنێو چوون یان خەساری قورسیان بەرکەوت و هەروەها سەدان ئەندامی سپای پاسداران و هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم لەم هێرشانەدا کوژران و بریندار بوون.
 لەم هێرشانەدا دەیان زانای ناوکی و بەرپرسانی سەرەکیی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران کوژران.