
لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا، شەپۆلێکی نوێ لە دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان و سەرکوتی ئەمنییەتی لە کوردستاندا دەستی پێ کردووە و هەروا درێژەی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، ئیسماعیل چووکەڵی و فریا چاوشینی کە هەردووکیان خەڵكی گوندی داشبەندی بۆکانن دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر دووکانەکەیان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەممەد ڕەزایی خەڵکی سنە و دانیشتووی دێولان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، زوبەیر مەحموودی هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی زوبەیر مەحموودی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو مافی چاوپێکەتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەیشی نەبووە.
هێزەکانی ڕێژیم ئەم هاووڵاتییانەیان بە بێ بەڵگیە یاسایی دەسبەسەر کردوون و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەوان زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە پاش دەرگیریی نیزامی لەگەڵ ئیسرائیل شکستێکی گەورەی خوارد و هەیمەنەی شکا، سیاسەتی گوشار بۆ سەر کەمینەکان و بەتایبەت نەتەوەی کوردی لەبەر گرتووەتەوە.