کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێلێنسکی: ڕووسیە لە دڕۆنەکانی ئێران وەک ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی شەڕ کەڵک وەردەگرێت

19:20 - 22 پووشپەڕ 2725

ڤێلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین بە ئاماژەدان بە خستنەخوارەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دڕۆنەکانی شاهدی دروستکراوی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وتی: ئەم دڕۆنانە بۆ درێژکردنەوەی شەڕ یەکێک لە ئامرازەکانی ڕووسیەیە و پێویستە ئەم مەترسییە پووچەڵ بکەین.

زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسیبووی کە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە بەربڵاوەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بەردەوام بوون و زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ دڕۆن و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ بۆمبی ئاسمانی ڕێنمایی‌کراو و ٨٣ مووشەکی جۆراوجۆر ئاراستەی ئۆکراین کراوە.

ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە ڕووسیە بە چڕکردنەوەی کردەوەی تیرۆریستی دژی شارەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکان هەوڵی زیاتر ترساندنی خەڵکی ئۆکراین دەدەن.

سەرۆککۆماری ئۆکراین زیادی کرد: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا سەدان دڕۆنی ڕووسی-ئێرانی خراونەتە خوارەوە، هەموو کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان لەم حەفتەیە لەسەر پەرەپێدانی ئەم تێکنۆلۆژییە بوو.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە ئەم مەترسییە پووچەڵ بکەین بۆ ئەوەی بتوانرێت بە خێرایی ڕێگای دیپلۆماسی خۆش بکرێت، هیوادارین هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی بەرگرییەکانمان جێبەجێ بکرێن.''

کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیە لە شەڕ دژی ئۆکراین دێتە ئەژمار.

ڕێژیمی ئێران بەوە تەۆمەتبار کراوە کە دڕۆنی خۆتەقێنی شاهد ١٣١ و شاهد ١٣٦ی بۆ ڕووسیە ناردووە بۆ ئەوەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکان لە ئۆکراین بەکاریان بهێنن، بەو هۆیەوە هەتا ئێستا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواییەوە چەندین جار گەمارۆی خراوەتە سەر.