کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ نیشاندانی شوێنی لەسێدارەدراوان به بنەماڵەکانیان، داوای بەرتیل دەکا

10:48 - 11 پووشپەڕ 2725

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، سەرەڕای ئەوەی لە دانەوەی تەرمی ئێعدامکراوان خۆی دەبوێرێ، بۆ نیشاندانی شوێنی ناشتنی تەرمەکان داوای بەرتیلیشیان لە بنەماڵەکانیان کردووە.

"ئیسماعیل فکری" زیندانیی سیاسیی یەکێک لەو کەسانە بووە کە دوای لەسێدارەدرانی کە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیلی درابووە پاڵ، دەسەڵاتدارانی بەشی دادوەریی ڕێژیم داوایان لە بنەماڵەکەی کردبوو کە بۆ نیشاندانی شوێنی ناشتنی کوڕەکەیان پێویستە پارە بدەن.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لەبابەت نیشاندانی شوێنی ناشتنی ئەو زیندانییە سیاسییە داوای ١٥٠ میلیۆن تمەنیان لە بنەماڵەکەی کردووە.

دایک و باوکی "ئیسماعیل فکری" دوای بیستنی هەواڵی لەسێدارەدرانی کوڕەکەیان، باری دەروونییان تێک چووە و لەو ڕۆژە لە نەخۆشخانە خەوێنراون.

ئیسماعیل فکری سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی دەسبەسەر کرا و تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلی درایە پاڵ و لە دادگایەکی ١٠ خولەکیدا و بێ ئەوەی بتوانێ لەخۆی بەرگری بکات یا پارێزەر بگرێت، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

ناوەندە مافی مرۆڤییەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە شێوەی نادادپەروەرانە حوکم بەسەر زیندانییانی سیاسیدا دەسەپێنێ و لە ڕێگای ئەشکەنجە و ئازاری جەستەییەوە، ناچار بە دانپێدانانیان دەکا کە ئەوە دوور لە ستانداردە جیهانییەکان و پرەنسیپە مافی مرۆڤییەکانە.

سەرەڕای هۆشداریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی زیندانییانی سیاسیی لە زیندانەکانی ئێراندا، بەڵام بەپێی گەڵاڵەی نوێی مەجلیسی ڕێژیم، قەرارە بڕیارێک دەربچێ کە حوکمی توندتر بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێ کە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ.