
مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، گۆڕانی بە سەر گەڵاڵەی "چڕبوونەوەی تاوانی سیخوڕی" کە شورای نیگابان هێندێک بەشی ناڕوون لێکدابووەوە، هێنا و زۆربەی بەناو نوێنەرانی ڕێژیم دەنگیان پێ داوە.
بەپێی ئەو پەسندکراو، چالاکیی ئیتلاعاتی، سیخوڕی و هەر چەشنە هەوڵێک لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دوژمن و گرووپە دژبەرەکانەوە، حوکمی لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەدواوە دەبێت.
لەم پەسەندکراوە نوێیەدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕوونی دەوڵەتی دوژمن پێناسە کراون و ئەرکی دیاریکردنی بە وتەی مەجلیس "دەوڵەتانی دوژمنی" دیکە خراوەتە ئەستۆی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمەوە.
پێش لەوە پێناسەیەکی ڕوون بۆ دەوڵەت یا گرووپەکانی دژبەر لەم گەڵاڵەیەدا نەدرابوو.
یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندنەوەی ئەو پەسندکراوە بۆ مەجلیس لەلایەن شۆرای نیگابانەوە، نەبوونی سەرچاوەی لێکدانەوەی ئەم باباتە بووە.
یەکێک لە بەشەکانی ئەو پەسندکراوە کە گۆڕانی بە سەردا هاتووە، بۆ کەسانێک دیاری کراوە کە بە ناردنی فیلم و زانیاری بۆ کاناڵە دژبەرەکانی ڕێژیم، بە وتەی مەجلیس دەبنە هۆی "لاوازیی ورەی گشتی، دروستبوونی لێکترازان و خەسارگەیاندن بە ئەمنییەتی وڵات"، کە سزاکەیان بەندکران و لابردن لە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان دیاری کراوە.
پەسەندکرانی ئەم گەڵاڵەیە کاردانەوەی بەرچاوی لەلایەن ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، مافناسان و ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی، بەدواوە بووە.
مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران، حەفتەی ڕابردوو سەبارەت بەم پەسەندکراوە پاش ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل هۆشداریی دا و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە چڕبوونەوەی سزاکانی لەسێدارەدان دەربڕی.
پاش کۆتاییهاتنی شەڕ، بەرپرسانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان جار سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە نێو خاکی ئێران لێدوانیان داوە و سەرکەوتووبوونی ئەم ئۆپراسیۆنانەیان بۆ هەبوونی تۆڕی سیخوڕیی بەربڵاو لە نێو ئێراندا گەڕاندووەتەوە.