
له دوای شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونی نێوان تاقمه چه‌کداره‌کانی پارێزگای سووەیدای سووریە و درووزەکان له باشووری سووریه، تاکوو ئیستا زیاتر له ٣٧ کوژراو و ده‌یان که‌سی دیکه‌ش بریندار بوونه.
چاوه‌دێری مافی مرۆڤی سووریه له دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه که ٢٧ که‌س له کوژراوان له‌وانه‌ش دوو منداڵ له درووزەکان و ١٠ که‌سی دیکه‌ش له عه‌شیره چه‌کداره‌کانی ناوچەکانی سووەیدا کوژراون.
هاوکات وه‌زاره‌تی نێوخۆی دەوڵەتی نوێی سووریه، سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی دووشه‌ممه ٢٣ی پووشپه‌ڕ، ڕووداوی سووه‌یدای به "جێگای داخ" له قه‌ڵه‌م داوه و ڕێژه‌ی کوژرانی ٣٧ که‌سی پشت‌راست کرده‌وه.
ئه‌و وه‌زاره‌ته باسی له‌وه کردووه که هۆکاری ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو و وه‌زاره‌تی بەر‌گریی سووریه‌ش هێزه‌کانی ڕه‌وانه‌ی شوێنی شه‌ڕه‌که کردووه و له نێوان دوو پارێزگای ده‌رعا و سووه‌یدادا جێگیر بوونه.
به‌پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕوویتێرز، شه‌ڕ و گرژییەکانی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه نوێ نییه و هۆکاری ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕفاندنی بازرگانێکی درووزەکان له‌لایەنی به‌رانبه‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها له ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردوودا له ناوچه‌ی جۆرمانا له ده‌وروبه‌ری ده‌میشق، شه‌ڕ له نێوان دەرووزه‌کان و هێزه‌کانی حکوومه‌تی نوێی سووریه هاته ئاراوه و به‌و هۆیه‌وه ده‌یان که‌س له دوولایه‌ن کوژران و دواتر له‌لایه‌ن ڕێبه‌رانی خۆجێی و که‌سایه‌تییه ئایینیه‌کانه‌وه ڕێککه‌وتننامه‌ی ڕاگرتنی شه‌ڕ و په‌یوه‌ستبوونی چه‌کدارانی دەرووزی به ئه‌رته‌شی سووریه‌یان واژۆ کرد.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئیسرائیل له دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د، وێڕای پشتیوانیی زیاتر له ده‌رووزییه‌کان، سەبارەت بە چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوکه‌وت و مامەڵەکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و کەمینە ئایینه‌وه، هۆشداریی به ڕێبه‌رانی نوێی سووریه دابوو.