
تۆقێنەران تۆقیون
ئەلبورز ڕوئینتەن
تازە خومەینی گەڕابۆوە تاران و لە مەدرەسەی عەلەوی نیشتەجێ ببوو. شەوانە بە دەیان کەسیان لەو مەدەرەسەیەدا دەکوشت، بەتایبەت ڕێبەران و بەرپرسانی ڕێژیمی پێشوو بێ ئەوەی دادگایی بکرێن، بە خەتابار و بێخەتا دەدرانە بەر ڕەهیڵەی فیشەک، بۆ ئەوەی هەستی توقاندن دروست بکەن و ئەوان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بنەمای تۆقاندن دابمەزرێنن.
ڕێبەرانی ڕێژیم هەر کە بە دەسەڵات گەیشتن، دەستیان کرد بە کوشتنی هەموو ئەوانەی لە خۆیان نەبوون و ترسیان هەبوو کە جیاواز لەوان بیر بکەنەوە؛ چونکە جیاواز بیرکردنەوە لەلای ئەوان گەورەترین مەترسی بوو. تەنانەت ڕێبەرانی "نێهزەتی ملی" و هەندێک "مەرجەعی تەقلید"یش کە لە هۆکارەکانی بەدەسەڵاتگەیشتنی ئاخوندەکان بوو، لە پیلانی کوشتن و توقاندنی ئەوان دەربازیان نەبوو.
چەپەکان هەر هیچ، تەنانەت ئەوانەی کە لە خۆشیان بوون و لە فڕۆکەی پاریس بۆ تاران پێکەوە سوار ببوون و لێی هاتبوونە خوارێ، ئەوانیش ڕزگاریان نەبوو و بۆ تۆقاندنی ئەوانی دیکە و بۆ ئەوەی کە هەمووان سەدا سەد ملکەچ و گوێڕایەڵ بن، یەک بە یەک بە شکڵ شێوازی جیا تێدا بران. ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن یەک بە یەک تێرۆر دەکران، هەر وەک لە مانای وشەی تێرۆر کە بە توقاندن دێت، ئامانجی ئەوان توقاندنی هەموو ئەوانە بوو کە دەیانگوت دەبێ ڕێژیم نەمێنێ. لەو نێوەشدا ڕێبەران و تێکۆشەرانی نەتەوەی کورد ئامانجی یەکەم و بێ ئەملاوئەولای ئەو تۆقاندنانە بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازیی کورد دژ بە ڕێژیمی نوێ و بۆ گەیشتن بە ئازادی بوو.
هەوڵی توقاندن ئەو جار گەیشتە ئاستی زۆر بەرزتر. سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆک پاڕلەمانی پێشوویان لە زیندان دەخست. ئەوانە تا ڕادەیەک وەفادار بەو ڕێژیمە بوون کە وێڕای لە زیندان کەوتنشیان دیسان هەر دژی ڕێژیم نەوەستانەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بڵێن کە توقاندن هەر بەردەوامە، تەنانەت بۆ ئەو وەفادارانەش کە جارێک ئەگەر بە کەمییش بووبێ نافەرمانییان کردوە!
توقاندن گەیشتە ئاستی مردنی گوماناویی کەسانی وەک ڕەفسنجانی کە شوناس و هەموو شتێکی ئەو ڕێژیم بوو. ئەو مردنە گوماناوییە تا ڕادەیەک توقێنەر بوو کە هەموو سەرکردەکانی ڕێژیم بە یەکتریان دەگوت جا ئەگەر ڕەفسەنجانیش ئەمنییەتی نەبێ و پارێزراو و لە مەلەوانگەدا بمرێ، ئەو کە بەرپرسی یەکەمی تێرۆر و توقاندنی ئەو کەسانە بوو کە دژی ڕێژیم بوون، کێ دەتوانێ ڕزگاری بێت. بەڵام باسەکە ئەوە بوو کە ڕەفسەنجانی لەو کاتدا وەک مەترسی دژی ڕێبەر دەبیندرا، بۆتە ئامانجی توقاندن.
لەو ڕۆژەوە کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، بە میلیۆن کەسیان ئاوارە کرد، بە سەدان هەزاران کەسیان لە زیندان خست و بە هەزاران کەسیان لە شەقامەکاندا شەهید کرد. دەیان هەزار بەندکراویان لە زیندانەکاندا لە سێدارە دا، بەشی زۆری ئەو لەداردراوانە تەنانەت دژی ڕێژیمیش کارێکیان نەکردبوو، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو خەڵک بتۆقێنن. لیستی ئامانجێ تۆقێنەران کە لە ماوەی نزیک پێنج دەیەی ڕابردوو خەریکی تۆقاندن بوون لە ڕادەی وتارێک و دوو وتار و تەنانەت کتێبک و چەند کتێب زۆر زیاترە. بەڵام بەرپرسان و بکەرانی تۆقێنەر لە پانزدە ڕۆژی ڕابردوودا لە چ دۆخێکدان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ڕێبەری تۆقێنەرەکان لە حەشارگەیەکی بنزەویدا خۆی شاردۆتەوە و سەرەڕای ئەوەی شەڕ تەواویش بووە، ناوێرێ لە کونەکەی بێتە دەرێ و خۆی لە هەموو کەسێک ،تەنانەت لە فەرماندی باڵاکانیشی شاردۆتەوە؛ چونکە لە هەموو کەسێک دەترسێ و تەنانەت پەیوەندی نێوان ئەو و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم چۆنە دیار نیە. لە ماوەی پانزدە ڕۆژدا تەنیا سێ پەیامی ڤیدیویی داوە و ئەو پەیامانەش لە چ دۆخێکی خراپدا تۆمار کراون بۆتە جێگای سەرسووڕمانی پسپۆڕانی ئەم بوارە. تەنانەت ناتوانێ نوێژی سەر مردووی ئەو هەموو فەرماندە ڕەدە باڵایەش بخوێنێ و نازانێ چۆن خۆی لە دەست زەبری دەزگای موساد بپارێزێ. واتە چ توقینێک لەوەی گەورەتر کە باوەڕت بە کەس نەبێ، شەڕ تەواو بێت و دیسان هەر بترسێی کە لە حەشارگەی خۆت بێیە دەر. بە واتای تەواوی وشە ڕێبەری تۆقێنەران تۆقیوە ئەوەش سزایەکە کە ژیان بۆ تۆقێنەرانی بەناوبانگی مێژوو دیاریی کردوە.
بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمیش کە لە مردن ڕزگار بوو،ن کەسانی وەک شەمخانی، قائانی و رەزایی بە گۆڕینی سەر و چاو و خۆپۆشینیان دەتوانن یەک بە یەک لە حەشارگە بێنە دەروە بەڵام باوەڕ بە کێ دەکەن و بە کێ ناکەن گەورەترین پرسیاری نێو مێشکیانە. واتە نازانن بە شانس زیندوون، یا بە ڕێکەوت زیندوون، یا مردنیان بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، یا مردوون و ئەوە خەونە؟ یان دەبێ لە دەوروبەریان باوەڕیان بە کێ هەبێ و تەنانەت چۆن بیسەلمێنن کە هۆکاری زیندوومانەوەیان ئەوە نیە کە سیخوڕی مووسادن! چ ترسێکی گەورەیە ژیان بەو هەموو ترسەوە.
بەڵێ بە واتای تەواوی وشە تۆقێنەران تۆقیون.