
ئابووریی "گیگ" لە ئێران: داهێنان یان سیمای قەیران؟
شاڕوخ حەسەنزادە
ئابووریی گیگ (Gig Economy) دیاردەیەکی جیهانییە کە پێناسەی نەریتی "کار"ـی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەم مۆدێلە ئابوورییە لەسەر بنەمای کارە کاتییەکان، پڕۆژەیی و سەربەخۆکان دامەزراوە، کە تێیدا کۆمپانیاکان بەجێگەی دامەزراندنی کارمەندی هەمیشەیی، لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە لەگەڵ تاکەکاندا بۆ بەڕێوەبردنی "گیگ"ـێک یان ئەرکێکی دیاریکراو گرێبەست دەکەن. لە سەرانسەری جیهاندا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئۆبەر (Uber)، ئایر بی ئێن بی (Airbnb) و فایڤەر (Fiverr) هێمای ئەم گۆڕانکارییە جیهانییانەن؛ ئەو پلاتفۆرمانە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا وەک هێمایەک بۆ سازگاری، داهێنانی تەکنەلۆژی و هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی مۆدێرن دەناسرێن. ئەم مۆدێلە ڕێگە بە تاکەکان دەدات کوێخا و سەروەری خۆیان بن، کاتژمێرەکانی کاری خۆیان ڕێکبخەن و داهاتێکی لاوەکییان لەپاڵ کاری سەرەکییاندا هەبێت. بەڵام ئایا چیرۆکی گەشەی تەقینەوەئاسای ئابووریی گیگ لە ئێرانیش هەر بەم شێوەیەیە؟
لە یەکەم ڕوانیندا، دەرکەوتن و پەرەسەندنی پلاتفۆرمە ئێرانییەکانی وەک "سنەپ"، "تەپسی"، "ئاچارە" و "پوونیشا"، وەک گێڕانەوەیەکی پێشکەوتن و هاوشان لەگەڵ ئابووریی دیجیتاڵیی جیهانیدا دێنە بەرچاو. ئەم کۆمپانیایانە توانیویانە میلیۆنان بەکارهێنەر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بۆ بەشێکی گەورەی دانیشتووان دەرفەتی بەدەستهێنانی داهات بڕەخسێنن. بەڵام کاتێک سەرنج لە قەبارەی ئەم دیاردەیە لە ئێران دەدەین، وێنەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و ڕوخساری ڕاستەقینە و دزێوی دەردەکەوێت. ماوەیەک لەوە پێش محەمەد بەحرەینیان، توێژەری بواری گەشەپێدان، ئامارێکی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو: "زیاتر لە ٨ میلیۆن کەس لە ئێران لە سنەپ و تەپسیدا کار دەکەن، لە کاتێکدا ئۆبەر لە سەرانسەری جیهاندا کەمتر لە ٨ میلیۆن شۆفێری هەیە!" تەنانەت ئەگە ئەو ئامارەی دیکەش کە لە لایەن وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیس (فراجا)ەوە باس لە بوونی ١٥ میلیۆن شۆفێری ئینتەرنێتی کراوە، بۆ ئەنجامی تۆمارکردنی دووبارە و ناچالاک دابنێین، هێشتا ڕواڵەتی پرسەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە: قەبارەی هێزی کاری چالاک لە کەرتی گواستنەوەی ئینتەرنێتیی ئێراندا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرز بووەتەوە. ئەم ژمارانە زیاتر لەوەی نیشانەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی یان هێزی ئابووری بن، زەنگێکی مەترسییدارە و هێمای قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی-ئابووری لەم وڵاتەیە.
جیاوازیی سەرەکیی نێوان گەشەی ئابووریی گیگ لە ئێران و وڵاتانی وەک ئەمریکا، لە ڕەگ و ڕیشە و پاڵنەرەکانیدا خۆی دەبینێتەوە. لە ئابوورییەکی سەقامگیردا، چوونە نێو ئابووریی گیگەوە زۆرجار هەڵبژاردنێکە کە لەسەر بنەمای "هەل" پێکدێت؛ دەرفەت بۆ داهاتی زیاتر، خۆڕێکخستن یان بەدواداچوون بۆ خولیایەکی کەسی. بەڵام لە ئێراندا، ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەمی "ناچاری" و کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە "قەیران". ئەو بزوێنەرە سەرەکیەی ملیۆنان ئێرانی بەرەو ئەم کارانە هان دەدات، سەرنجڕاکێشیی تەکنەلۆژیا نیە، بەڵکوو گوشارە بەرفرە ئابوورییەکانە. هەڵاوسانی درێژخایەن و دابەزینی بەرچاوی هێزی کڕین بووەتە هۆی ئەوەیکە مووچەی جێگیری کارێکی هەمیشەیی چیتر بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان نەکات. لە ئاکامدا، فەرمانبەران، کرێکاران، مامۆستایان و تەنانەت پزشک و ئەندازیاریش، دوای تەواوبوونی کاتی کاریان، وەک کاری دووەم یان سێیەم ڕوو لە شۆفێری لە تاکسییە ئینتەرنێتییەکاندا دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن لە ژێر باری تێچووی قورسی ژیان دەربچن. ئەمە هەڵبژاردنێک نییە بۆ خۆشبژیوی زیاتر، بەڵکو تێکۆشانێکە بۆ مانەوە.
هەروەها جگە لەمەش، ڕێژەی بەرزی بێکاری، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و دەرچووانی زانکۆکاندا، فاکتەرێکی گوشارێکی دیکەیە. لە کاتێکدا بازاڕی کاری فەرمی توانای دابینکردنی کاری بەردەوام و گونجاوی لەگەڵ پسپۆڕییەکاندا نیە، ئابووریی گیگ بووەتە پەناگەیەک و خاوەنکارێکی سەربەخۆ و بێ مەرج. ئەم کارانە بەهۆی ئاسان بوونی شێوەی وەدەستهێنان و نەبوونی پێویستی بە سەرمایەی سەرەتایی یان شارەزایی پسپۆڕانە، بوونەتە تەنیا بژاردەی بەردەست بۆ میلیۆنان کەس. لە ڕاستیدا، ئەم پلاتفۆرمانە لە بۆشایی ئابوورییەکی بەرهەمهێنەردا، جۆرێک لە دامەزراندنی وەهمی پەرە پێ دەدەن؛ کارێکە کە هەیە بەڵام چۆنیەتی، بەردەوامی و ئاسۆی ڕوونی داهاتووی نییە.
خاڵێکی گرنگی دیکە، گەشەی ئەم مۆدێلەیە لە بەستێنێکی یاسایی هەتا ڕادەیەکی زۆر بۆشایی تێدایە. شۆفێر یان پێشکەشکاران لەم سیستەمەدا بە کرێکار هەژمار ناکرێن، بەڵکوو وەک هاوبەشی بازرگانی یان بەڵێندەری سەربەخۆ پێناسە دەکرێن. بەم پۆلێنکارییە زیرەکانەیە، کۆمپانیاکان خۆیان لە هەموو ئەرکەکانی خاوەنکارێک، وەک بیمەی کۆمەڵایەتی، خانەنشینی، مەرەخەسیی بەمووچە، جەژنانە و پاداشتی ساڵانە دەدزنەوە. لە ڕواڵەتدا، ئەم مۆدێلە سەربەخۆیی بە تاک دەبەخشێت، بەڵام لە کردەوەدا، ئەو کەسە لە بەرامبەر هەموو مەترسی و خەرجییەکاندا (وەک سووتەمەنی، سوانی ماشێن، بیمە و ڕووداوەکان) بە تەنیا جێ دەهێڵێت و هیچ جۆرە ئەمنییەتێکی کاریی بۆ دابین ناکات. ئەم سیستەمە، هێزی کاری هەرزان و بێ پاڵپشتی دەکاتە نۆرمێک و وردە وردە ستانداردەکانی بازاڕی کار لاواز دەکات.
لە کۆتاییدا، بەراوردکردنی ژمارەی شۆفێرە چالاکەکان لە ئێران لەگەڵ کۆی گشتیی شۆفێرانی ئوبەر لە ئاستی جیهاندا، دەرەنجامێکی تاڵ ئاشکرا دەکات: ئابووریی گیگ لە ئێران، زیاتر لەوەی چیرۆکی سەرکەوتن بێت لە داهێناندا، سیمای قەیرانێکی قووڵە. ئەم پلاتفۆرمانە بوونەتە هێورکەرەوەیەکی کاتی بۆ ئازارەکانی ئابوورییەکی نەخۆش تەنانەت لە کاتی ئاویلکەدا؛ ئەوان بە دابینکردنی سەرچاوەیەکی داهاتی کەمینە، ڕێگری لە کەوتنی تەواوەتیی ملیۆنان خێزان بۆ ژێر هێڵی هەژارییەوە دەکەن و بە جۆرێک ڕۆڵی تۆڕێکی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ناسک دەگێڕن کە حکومەت لە دابینکردنیدا دۆڕاوە. بەڵام ئەم ئارامبوونەوەیە نەخۆشییەکە چارەسەر ناکات. وێنەی هەزاران ماشێن کە هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکانی شارەکانی ئێراندا بە دوای مشتەری دادەگەڕێن یان چاوەڕێی مسافیرن، تەنیا وێنەی ئابوورییەکی دیجیتاڵی نیە؛ بەڵکوو وێنەیەکی بزۆکی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا میلیۆنان کەس بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان لەناو جغزێکی بێ کۆتایی بە سەرلێشێواوی هەوڵی مانەوەی خۆیان دەدەن. ئەمە، ڕوخساری بەرچاوی قەیرانێکی نادیارە کە بەرەو داڕمان دەڕوا.