
هەواڵدەریی ''تەسنیم''ی سەربە سپای پاسداران ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ ڕایگەیاند، قەرارگای قودسی سپای پاسداران، ئیتلاعاتی سیستان و بەلووچستان و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ئەم پارێزگایە و ئیتلاعاتی هیزی ئینتزامی، ٥٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە و دوو کەسیان کوشتووە.
تەسنیم ئەو کەسانەی سەر بە گرووپەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران وەسف کردووە و نووسیویەتی کە لە ئامانجەکانیان بڵاوکردنەوەی نائەمنی لە باشووری ئەو پارێزگایە و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە بووە و ڕێژیەکی بەرچاو چەک و تەقەمەنی، لەوانەش چەکی ئەمریکایی، دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
شەپۆلی نوێی سەرکوتکردن لە ئێران لە دوای کۆتایی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی توندتر بووە. هاوکات ئەو ناوچانەی کە ناسنامەی نەتەوەیییان هەیە، ڕووبەڕووی سەرکوتی توندتر بوونەتەوە.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەکردنی ٧٠٠ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیی بڵاو کردەوە، بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ژمارەی دەسبەسەرکراوانی بە زیاتر لە هەزار کەس بەراورد کردووە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە نیزامی و بەناو ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادەیی خۆیان لە شارەکانی کوردستان چڕتر کردووەتەوە و لە گرتن، بانگکردن، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی بەرفراوان لە هاووڵاتییان و چالاکانی کورد بەردەوامن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ٢٤ی جۆزەردانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون و دەیان کەسی دیکەش بانگ و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.