کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی کانگا زێڕەکانی ناوچەی سەقز و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی

11:47 - 24 پووشپەڕ 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم ماوەیەکی زۆرە دەستی داوەتە تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەی "گەورکی" شاری سەقز.
ئەم سەرچاوە بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاندووە کە ماوەی چەند ساڵە ڕێژیم لە ناوچەکانی "قوڵقوڵە، مێرگەنەخشینە و کەرەویان"، سەر بە ناوەچەی گەورکی سەقز، دەستی داوەتە تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان.
سەرچاوەکە زیادی کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا کانگای زێڕی کەرەویان لەلایەن ڕێژیمەوە بەتاڵان بردراوە و هیچ بەرهەمێکی بۆ خەڵکی  ناوچەکە نەبووە و هەروەها لە ساڵی ١٤٠٤ـدا، دەرهێنانی کانگای زێڕی گۆندی قوڵقوڵە دەستی پێ کردووە و لە ئێستاشدا لەسەر دەرهێنانی کانگای زێڕی مێرگەنەخشینە چالاکی دەکرێت.
بەپێی ئەم زانیارییانە، دوو ڕێگا بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە کانگای مێرگەنەخشینە هەیە، یەکەمیان ڕێگەی تێپەڕبوون لە چەند گوندی ناوچەکە وەک "گوێزی، شێخ چۆپان، بۆبەکتان، کۆندەڵان و قشڵاخی وەنەوشە"ـیە، بەڵام خەڵکی ئەم گوندانە ڕێگەیان نەداوە تاکوو بارهەڵگرەکانی کانگاکە بەوێدا هاتوچۆ بکەن و لە ئاکامدا ئەم بارهەڵگرانە ڕێگای دووهەمیان هەڵبژاردووە، واتا بە نێو گوندی "وزمەڵە"ـدا تێپەڕ ببن.
سەرچاوەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم بارهەڵگرانە بە بەردەم ماڵی خەڵکی گوندەکەدا دەڕۆن، پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ، خەڵکی ئەم گوندە ڕێگەیان بە بارهەڵگرەکان بۆ بەتاڵانبردنی زێڕی کانگاکە گرتووە کە لە ئاکامدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕەوانەی گوندەکە کراون و بەبەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خەڵک کردووە.
سەرچاوەکە جەختیشی کردووەتەوە کە چەند کەسێک لە خەڵکی گوندەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە توندی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە و بریندار بوون. ناوی ئەم کەسانە لە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پارێزراوە.