
لەکاتێکدا کە زیاتر لە چوار هەزار پرۆژەی وەرزشی لە سەرتاسەری ئێراندا بە نیوەچڵی ماونەتەوە و بۆ تەواوکردنیان نزیکەی ٥٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە، پارێزگای سنە کەوتووەتە پەراوێزەوە و لەگەڵ نەبوونی پلان و بەرنامەی تۆکمە لەم بوارەدا بەرەوڕوویە.
ڕەسووڵ مونعێم، بەرپرسی گشتیی نووسینگەی هاواهەنگیی کاروباری پارێزگاکانی وەزارەتی وەرزشی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە بۆ تەواوکردنی چوار هەزار پرۆژەی نیوەچڵی وەرزشی لە ئێراندا لەوانە ٦٨ پرۆژەی نیوەچڵی سنە، زیاتر لە ٥٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە .
ئەمە لەکاتێکدایە کە پۆلێنبەندیی بوودجەی ڕێژیم نیشانی دەدات کە ناوچە پەراوێزخراوەکان، لەوانە کوردستان هەمیشە دەبێ چاوەڕوان بن.
زۆربەی پرۆژە نیوەچڵەکانی ئەم پارێزگایە، ساڵانێکە بە بێ گەشەی بەرچاو ماونەتەوە و داهاتوویان بە تەواوەتی ناڕوونە.
نەبوونی سەرچاوەی دارایی جێگیر، لاوازی لە وەرگرتنی خاوەنی سەرمایە و نەبوونی بەدواداچوونی کاریگەر لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە وەرزشی کوردستان زیاتر وەکوو بەڵێنی دووپاتکراو بێتە بەر چاو.
وەزارەتی وەرزش گەڵاڵەگەلێکی وەک پێدانی شوێنە کۆنەکان و وەرگرتنی خاوەنی سەرمایەی تایبەتی وەکوو ڕێکار هێناوەتەوە، بەڵام ئەزموون نیشانی دەدات کە ئەم ڕێکارانە لە کردەوەدا ئاکامێکیان نابێ.
نەبوونی پلانی درێژخایەن، مودیرییەتی ناجێگیر و تەرخاننەکردنی سەرچاوەی دارایی لە کاتی خۆیدا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە قەیراناوییە بەئەژمار دێن.
بەردەوامیی ئەم دۆخە نیشاندەری ئەوەیە کە پرسی وەرزش لە کوردستاندا، زیاتر لەوەی کە کێشەی بوودجە بێت، ئاکامی بێ مەیلی و گرینگینەدان بەم بیاڤە لە ئاستی سیاسەتدانانی ڕێژیمە.