
وەزارەتی پێوەندییەکانی ڕێژیم سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "واتساپ" هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامیی ڕێژیم کە نابێت بۆ پێوەندیگرتن لەم ئاپە کەڵک وەربگرن.
حەسەن مەیسەمی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەی تێکنۆلۆژییە نوێیەکانی وەزارەتی پێوەندییەکانی ڕێژیم، شەوی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم کە بۆ پارێزرابوونی خۆیان لە ئاپی واتساپ کەڵک وەرنەگرن.
مەیسەمی پشتڕاستی کردووەتەوە کە تیمەکانی پاراستنی بەرپرسانی ڕێژیمیش ئاگادار کراونەتەوە کە لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە کەڵک وەرنەگرن و داواشی لە خەڵک کردووە کە لە ئەگەری چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسان، واتساپ بەکار نەهێنن.
پێشتر لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم و چەند نوێنەری مەجلیس باسیان لەوە کردبوو کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە کاتی شەڕدا، لە ڕێگەی واتساپەوە شوێنی فەرماندە باڵاکانی ڕێژیمی دۆزیبێتەوە.
غوڵامڕەزا جەلالی، بەرپرسی ڕێکخراوی "پەدافەندی غەیرەعامڵ"ـی ئێران، پێشتر باسی لەم بابەتە کردبوو کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل بۆ کوشتنی فەرماندە باڵاکان لە واتساپ کەڵکی وەرگرتبێت.
ئەم لێدوانەی جەلالی لەلایەن مەهدییە شادمانی، کچی عەلی شادمانی، فەرماندەی قەرارگای "خاتەمولئەنبیا" کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کوژرا، بە توندی ڕەخنەی لێ گیرا.
مەهدییە شادمانی لە هەژماری ئێکسی خۆیدا بەکارهێنانی ئەپی واتساپی لەلایەن باوکیەوە ڕەت کردبووە و نووسی: "دۆزینەوە وردبینانەکانی ئیسرائیل بەربڵاوتر لە واتساپ و سیخوڕییە نەریتی و تاکە کەسییەکانە".
ئاپی واتساپ کە ماوەی چەند مانگ بوو فیلتێرینگی لەسەر نەمابوو، لە پاش دەسپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە بە بیانووی کەڵکوەرگرتنی ئیسرائیل لەم ئاپە، بۆ جارێکی دیکە فیلتێر کرایەوە.
پاش ئاگربەست، واتساپ بۆ جارێکی دیکە ئازاد کرا، بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار و بێکوالێتی کە پێوەندیگرتنەکان لەم ئاپەدا بە ڕادەیەکی بەرچاو تووشی ئاڵۆزی بووە.
حەسەن مەیسەمی لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا و لە وڵامی ڕەخنەکان سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی سیستمی "شوێندۆزینەوەی جی پی ئێس" لە تاران و شارەکانی دیکە وتی: "ئەوەی کە لەم ١٢ ڕۆژەدا بینیمان زۆر نامۆ بوو و پێویستە کە لێکۆڵینەوەی وردی بۆ ئەنجام بدەین".
بە وتەی میدیا نیوخۆییەکانی ئێران، ئاڵۆزییەکانی سیستمی "جی پی ئێس" بەهۆی ئەو گومانە بووە کە ئیسرائیل بۆ دڕۆنەکانی خۆی لە نێو ئێراندا لەم سیستمە کەڵک وەردەگرێت.
ئاڵۆزییەکانی سیستمی جی پی ئێس و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک واتساپ، کاروباری ڕۆژانەی خەڵک و بەشێکی زۆر لە پیشەکانی بەرەوڕووی کێشەی جیددی کردووەتەوە.