
لە درێژەی بنبەستی وتووێژە ناوکییەکاندا، فەرانسە هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری دەستڕانەگەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە ڕاستییەکانی دەرکەوێ، مێکانیزمی ماشە لانیزۆرهەتا ٩ی خەرمانان، کارا دەکرێتەوە.
ژان نوئیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی سیشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە بەرەبەری دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا لە برووکسێل ڕایگەیاند: "فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان پێداگرن کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەرچاو کە ڕاستییەکانی دەرکەوێ، مێکانیزمی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران چالاک بکەنەوە."
ناوبراو جەختی کردەوە کە گەڕانەوەی گەمارۆکان بیاڤی چەکوچۆڵ، بانک و پێداویستییە ناوکییەکان لەخۆ دەگرێت کە ١٠ ساڵ پێش هەڵوەشابوونەوە.
مێکانیزمی ماشە بەشێک لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجامە کە لە ئەگەری پێبەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی، ئەگەری گەڕانەوەی هەمووی گەمارۆکان بە بێ پێویستی بە دەنگدان لە شۆرای ئەمنییەتدا مسۆگەر دەکات.
هەر لەم پێوەندییەدا کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپاش سەبارەت بە کۆتاییهاتنی کاتی بەکارهێنانی مێکانیزمی ماشە هۆشداریی دا و وتی پرسی ئێران لە دانیشتنی داهاتووی شۆرای پێوەندییە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپادا تاوتوێ دەکرێت.
هەروەها دەیوید لێمی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە ١٧ی پووشپەڕدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری درێژەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێراندا، لەندەن ئامادەی چالاککردنەوەی ئەم مێکانیزمەیە.
لەلایەکی دیکەوە تاران هۆشدارییەکانی ئورووپاییەکانی وەکوو هەوڵێکی سیاسی و لە ڕاستای بەرەنگاربوونەوەدا بینیوە و ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشە بۆ کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشەی بە سیاسی ناو بردووە و وتوویەتی هێشتا ڕێکەوتێکی نوێ بۆ وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئەمریکا دیاری نەکراوە.
عەباس عێراقچی، وەزیر دەرەوەی ڕێژیمیش ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ ئەم هەوڵەی بە گەورەترین هەڵەی وڵاتانی ئورووپایی ناو برد و سەبارەت بە لێکەوتەکانی هۆشداریی دا.
بە چربوونەوەی گوشارەکان لەلایەن لایەنە ئورووپاییەکانەوە و زۆربوونەوەی گرژییەکان لە گۆڕەپانی دیپلۆماتیکدا، داهاتووی ڕێککەوتنی ناوکی و پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئورووپا تووشی ناڕوونی بووە.