کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی نەورۆز: کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە کۆمەڵکوژی ساڵی ٦٧ دووبارە بکاتەوە

17:30 - 24 پووشپەڕ 2725

ئەنجومەنی نەورۆز، لە نامەیەکی ڕوون و بەڵگەداردا بۆ ڤۆڵکێر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕۆژنامەی لیبەراسیۆنی فەرانسەدا بڵاو کراوەتەوە، خوازیاری هەنگاوی خێرا و چارەنووسسازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی بەردەوامیی و پەرەسەندنی تاوانە سیستماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.

لەو نامەیەدا هاتووە: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتایی ٤٧ ساڵەی بوونی خۆیدا، هیچکات پێبەندی هیچکام لە بنەما گشتگیرەکانی مافی مرۆڤ نەبووە.

لەو نامەیەدا ڕاستەوخۆ لیستێکی سەرسووڕهێنەری تاوان و دڕندەییەکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە ''چەوساندنەوەی سیستماتیکی ژنان، هەڵاواردنی نەتەوەیی، مەزهەبی و ڕەگەزی، لەسێدارەدان و کوشتنی منداڵان، سەرکوتی خوێناویی ناڕازییان، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی، پچڕاندنی ئینتێرنێت، سانسۆرکردنی میدیا، لەسێدارەدانی حەفتانە و دەرکردنی حوکمی سەرەڕۆیانە لەلایەن دادگاکانی ئینقلابەوە'' خراوەتە  ڕوو.

ئەنجومەنی نەورۆز لە یەکێک لە بەشە ترسناکەکانی نامەکەدا ئاماژە بە لێدوانێکی ئەم دواییەی کاناڵە میدیاییەکانی سەر بە سپای پاسداران کردووە، کە تێیدا بە شانازییەوە بەرپرسیارێتی کوشتنی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا قەبووڵ دەکات و بە ئاشکرا بەرگری لە دووبارەبوونەوەی دەکات.

نووسەران هۆشداری دەدەن: "ئێستا نەک تەنیا هەڕەشەیەک، بەڵکوو پرۆژەیەکی کراوە بۆ دووبارەکردنەوەی کوشتنی بەکۆمەڵ لەئارادایە". ئێران ئەمڕۆ بێ بەرگرییە و خەڵکەکەی بارمتەی ڕێژیمێکن کە لەنێو خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هیچ ڕەواییەکی نییە.

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە: ''٤٦ ساڵ ئامرازی دیپلۆماسی و مرۆڤدۆستانە هیچکات کارساز نەبووە.  ئێمە لەگەڵ ڕێژیمیک بەروڕووین کە تەنیا بە زمانی هێز وڵام دەداتەوە و ئامادەیە هەر تاوانێک بەرامبەر خەڵکەکەی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی بەکۆمەڵ و ڕوون و کاریگەر بەرامبەر ئەم تاوانە بێوچانە بگرێتە بەر''.