
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی، بایزید تیرە ناسراو بە "مام بایز" کەسایەتیی خۆشناوی خەڵکی مەهاباد، لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا و بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە لە گوندی گردەبەردانی سەر بە ناوچەی سارم و میرقازیی مەهاباد بۆ هەمیشه ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام بایزیدلە گوندی گردەبەردانی مەهاباد لەدایک بووە و هەر لە منداڵییەوە ئۆگری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەبێت.
لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و دەسپێکردنەوەی خەباتی حیزبی دێموکرات لە کوردستان، مام بایز یارمەتیی شۆڕش و پێشمەرگە دەدات.
شاخ و کێو و کەند و لەندی کوێستانەکانی ناوچە شایەدی بۆ ئەوە دەدەن کە مام بایز چۆن هەنگاوی پیرۆزی خۆی لەسەر دادەنان و پێیدا نان و خۆراک و پێداویستی بۆ پێشمەرگە دەگەیاند.
هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ساڵەکانی سەرەتای ٦٠ی هەتاوی، مام بایز لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیم دەکرێت و ماوەی دوو ساڵ و نیو لەژێر چنگی مەئموورانی ڕێژیمی ئاخوندیدا ئازار دەدرێت.
شێوەی ئەشکەنجەی مەئموورانی ڕێژیم بە شێوەیەک بوو کە ئاسەواری ئەشکەنجە تا کۆتایی تەمەنی بەسەر جەستەیەوە دیار بوو.
ناوبراو خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملووی هەمیشە زیندوو هەبوو و لە هەموو کۆڕێکدا باسی دوکتور قاسملوو و حیزب و پێشمەرگەی دەکرد.
تەرمی مام بایز لە گوندی گردەبەردان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.