
سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٤ی پووشپه‌ڕ، ناوچه نه‌وتییه‌کانی "خورمه‌ڵه" له پارێزگای هه‌ولێر و "سه‌رسنگ" سه‌ر به شاری ئامێدی له پارێزگای دهۆک کرانه ئامانجی هێرشی دڕۆنی.
ئه‌و دووهه‌مین جاره له ماوه‌ی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێرش ده‌کرێته سه‌ر ژێرخانه نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و له دوای ئه‌و هێرشه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی له‌و کێڵگانه ڕاگیراوه و له چه‌ند شوێنێکیشدا به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه ئاگر که‌وتووه‌ته‌وه.
وه‌زراتی سامانه سرووشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک ئه‌و هێرشانه‌ی به "هێرشی تێرۆریستی" له ڕێگه‌ی دڕۆنی بۆمبڕێژکراو له قه‌ڵه‌م داوه.
ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه زیانی گیانی نه‌بووه و ته‌نیا زیانی ماددی به‌ر ئه‌و کێڵگانه که‌وتووه.
شیرکه‌تی ئه‌مریکایی "ئێچ که‌ی ئێن" که به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی کێڵگه‌ی سه‌رسنگی له ئه‌ستۆیه، له دژکرده‌وه به‌و هێرشه ڕایگه‌یاند، ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و کێڵگه‌یه‌دا کار ده‌که‌ن، سڵامه‌تن و چالاکییه‌کانی خۆیان هه‌تا دڵنیابوون له ئه‌منییه‌تیی ته‌واو هه‌ڵپه‌ساردووه.
هه‌روه‌ها ئه‌و شیرکه‌ته ئه‌مریکاییه باسی له‌وه کردووه که به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن بارودۆخه‌که و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌منییه‌تیی ته‌واو بۆ دووباره به‌رهه‌مهێنان، هاوکاری ده‌که‌ن.
ئه‌و هێرشه بۆ سه‌ر کێڵگه‌ی نه‌وتی سه‌رسنگ له کاتێکدایه که هێرشێکی هاوشێوه کرایه سه‌ر کێڵگه‌ی نه‌وتیی "خورمه‌ڵه" له پارێزگای هه‌ولێر و به‌و هۆیه‌وه دوو دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ژێرخانه نه‌وتییه‌کانی ئه‌و کێڵگه‌یان کرده ئامانج.
هه‌روه‌ها سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی دووشه‌ممه، دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراوی دیکه له نزیک فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌وڵێر خرایه خواره‌وه.
له دژکرده‌وه به‌و ڕووداوانه، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له به‌غدا به ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌کدا ئه‌و هێرشانه‌ی وه‌کوو هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌روه‌رییه‌کانی عێراق و درووست‌کردنی به‌ربه‌ست بۆ خاوه‌ن سه‌رمایه ده‌ره‌کییه‌کان له‌قه‌ڵه‌م داوه و داوای له ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق کرد که بۆ ڕێگری له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئا‌وا هێرشێک، گرووپه چه‌کداره‌کان و بکه‌رانی ئه‌و هێرشانه شناسایی بکرێن و له‌و باره‌وه ڕێوشوێنه خێراکان بگرنه به‌ر.
سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانیش له دووتوێی به‌یاننامه‌یه‌کدا ئه‌و هێرشه‌ی به توندی مه‌حکووم کرد و داوای هه‌وڵی خێرای له ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق کرد هه‌تاکوو بکه‌رانی ئه‌و هێرشانه شناسایی و سزا بدرێن..
له‌و به‌یاننامه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمدا جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه کراوه‌ته‌وه که ئه‌و هێرشانه ئه‌منییه‌ت، سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیددی به‌ره‌ڕوو ده‌کات.