کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزەکردنی پێکهاتەی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە کەرتی پەروەردە و بارهێنانی کرماشان

10:59 - 25 پووشپەڕ 2725

زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم لەژێر ناوی "ئیسارگەر" لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دزەیان کردووەتە نێو سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی کرماشان؛ هەوڵێک کە بەشێک لە پرۆژەی مەترسیداری ئەندازیاریی فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە ئەژمار دێت.

خەسرەو شەهیدی، بەرپرسی گشتیی بۆنیادی کوژراوانی ڕێژیم لە کرماشان لەمبارەوە وتی: ئەم کەسانە بەشێک لە ١٢٨٠ کەسێکن کە سەر بە کۆمەڵگەی ناوسراو بە ئیسارگەرانن و لە دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا دامەزراون.

دزەکردنی ئەم ڕێژە لە هێزە ئیدئۆلۆژیکەکانی ڕێژیم بۆ نێو وەزارەتی پەروەردەی کرماشان، بەستێن بۆ پەرەپێدان و سەپاندنی سیاسەتی ناوەندگەرایانە و دژەفەرهەنگی لە قۆتابخانەکانی کوردستاندا پێک دێنێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار پەروەردە و بارهێنان وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی شوناسی زمانی و فەرهەنگیی نەتەوەی کورد کەڵکی لێ وەرگیراوە.

گەشەی دزەکردنی ئیسراگەرانی سەر بە پێکهاتەی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیمی ئیسلامی، ڕێک بە مانای کۆنتڕۆڵی هزریی نەوەکانی داهاتووی کوردستانە.

لە دۆخێکدا کە هەزاران مرۆڤی کوردی خوێندەوار و پسپۆڕ لە سەرتاسەری کوردستاندا ماونەتەوە، گرینگیدان بە هێزە حکوومەتی و ئەمنییەتییەکان بۆ وانەوتنەوە، هەنگاوێکی مەترسیدار لە ڕاستای لەنێوبردنی سەربەخۆیی فەرهەنگی و هزریی کوردستان بەئەژمار دێت.