
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئیتالیا ڕۆژی سیشەممە ٢٤ی پووشپەڕ لە دیدارێکدا لە واشنگتۆن، سەبارەت بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی وتووێژیان کرد.
لەم دیدارەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ و هاوتا ئیتالیاییەکەی وێڕای هەڵسەنگادنی ئاگربەستی نێوان ئەم دوو وڵاتە، سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا هەرگیز توانای دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ناوکیی نابێ، وتووێژیان کرد.
ڕۆبیۆ دوای ئەم دیدارە لەگەڵ ئانتۆنیۆ تایانی، لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی: "ئێران هەرگیز نابێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات."
لەم دیدارەدا، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە و خاڵە هاوبەشە گرینگەکانی ئەم دوو وڵاتە لەگڵ چین و ئەمریکای لاتین قسەیان لەسەر کرا.
ئەم دیدارە لەکاتێکدایە کە وڵاتانی ئورووپایی لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەبارەت بە پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی هۆشدارییان دابوو.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسی لەوە کرد کە ئەم یەکیەتییەکە خەریکی لێکدانەوەی بابەتی کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.