کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا ٨ کەس و دامەزراوەیەکی گرێدراو بە تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی سزا دا

11:05 - 25 پووشپەڕ 2725

یەکیەتیی ئورووپا ٨ کەس و دامەزراوەیەکی دیکەی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستەی گەمارۆکانی ئەم یەکیەتییەوە.
شۆرای یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە چوارچێوەی گەمارۆ بۆ سەر پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و پشتیوانانی تێرۆریزم، گەمارۆی خستە سەر ٨ کەسی پێوەندیدار بە بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆری دژبەران لە دەرەوەی وڵات.
بەپێی زانیارییە بڵاوەکراوەکان لە بەیاننامەی یەکیەتیی ئورووپادا، گرووپی تاوانکاری زیندەشتی وەک تۆڕێکی تاوانکار کە هەوڵە تێرۆریستییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی خاکی ئێران و بەتایبەتی لە ئورووپادا ئەنجام ئەدات، لەلایەن ئەم یەکیەتییەوە گەمارۆی خراوەتە سەر.
هاوکات لەگەڵ تۆڕی زیندەشتی و سەرکردەی تۆڕەکە واتا ناجی شەریفی زیندەشتی، ٧ کەسی دیکەش لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە سزا دراون.
پێنج کەس بە ناوەکانی عەبدولوەهاب کووکاک، عەلی کووکاک، عەلی ئیسفەنجانی، ئەکرەم ئووزتونج و نیهان ئاسان، وەک هاودەستانی زیندەشتی لەم لیستە نوێیەدا ناویان هاتووە.
ئەم کەسانە هاوکات لەگەڵ ناجی و تۆڕەکەی، بە بەشداربوون لە تێرۆری مەسعوود مەولەوی، دژبەری کۆماری ئیسلامی و ئەدمینی کاناڵی "جەعبه سیا" و سەعید کەریمیان، خاوەنی کاناڵی "جێم تیڤی"، لە ساڵانی ٩٨ و ٩٦ی هەتاوی لە تورکیە، تۆمەتبار کراون.
جیا لەم ٦ کەسە، محەممەد ئەنساری، فەرماندەی یەکەی ٨٤٠ی لقی قودسی سپای پاسداران، بەهۆی دەرکردنی فەرمانی کوشتن و تێرۆرکردنی ڕۆژنامەوانانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها ڕەزا حەمیدی ڕاوەری، مەئمووری وەزارەتی ئیتلاعات، کە ڕێکخەری ئۆپەراسیۆنەکانی تۆڕی زیندەشتی بۆ تێرۆرکردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامییە، لەنێو گەمارۆکانی ئەمجارەی یەکیەتیی ئورووپا لەپێوەندیی لەگەڵ پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیدان.
بەپێی ئەم بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا، داراییەکانی ئەم ٨ کەسە و گرووپی زیندەشتی لە ئورووپا ڕادەگیرێت و ڕادەستکردنی هەر چەشنە سەرچاوەیەکی دارایی و ئابووری بەم کەسانە قەدەغەیە و چیدیکە ئەم ٨ کەسە ناتوانن بچنە نیو وڵاتانی یەکیەتییەکەوە.
یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بەم گەمارۆ نوێیانە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بابەتەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە بەردەوامیی لەلایەن ئەم یەکیەتییەوە چاوەدێریی بەسەردا دەکرێت و لیستەی گەمارۆکان لەم چوارچێوەیەدا بەڕۆژ دەکرێتەوە.