
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ٥٨ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بەڕێوە چوو.
بەپێی زانیارییەکان زۆربەی ئەم ٥٨ کەسە هەر بە جلی خاکییەوە بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کردووە و سەبارەت بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بەرگرییان لە خۆیان کردووە و وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە، ڕایانگەیاندووە: "ئەو جلوبەرگە لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستاندا هەیە و زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێ و لە شوێنێکی دیکەوە نەهاتووە، بۆیە هیچ تۆمەتێک لەوبارەوە قەبووڵ ناکەین."
ئەم ٥٨ کەسە پێشتر بە تاوانی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی دەسبەسەر کرابوون و دۆسییەیان بۆ کرابوویەوە.
لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣دا، ٥٨ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار دوابەدوای دەربڕینی خۆشی و هەڵپەڕکێ لە ڕێوڕەسمی شاییەکدا بە بڕیاری "موجتەبا مەحموودی" دادستانی پیرانشار، بانگی یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادگای پیرانشار کران و دۆسییەیان بۆ کرایەوە.
ئەم ٥٨ هاووڵاتییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم لە شاییەکدا و بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بانگی یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی پیرانشار کران.
ئەندامانی بنەماڵەی دوو کەس لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە پیرانشار کۆمار دەرئوفتادە و ئەمیر فراسەتی شاد لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە بانگ کرابوون.