کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کچی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە شاری نەوسوود

12:04 - 11 پووشپەڕ 2725

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ ، ژیلا جەلالی کچی شەهید سەبری جەلالی و برازای کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک عەبدولکەریم جەلالی لە نەخۆشخانەییەکی شاری کرماشان لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ژیلا جەلالی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە شاری نەوسوود و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر چاوی بە دنیا هەڵێنا.  خاتوو ژیلا، کچی فەرماندە و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید سەبری جەلالی و برازا و بووکی کادری لەمێژینەی حیزب کاک عەبدولکەریم جەلالی بوو کە تا دواهەناسەکانی ژیانی بە ڕێبازی باوکی شەهیدی وەفادار مایەوە.

شەهید سەبری جەلالی لە سەرەتای شۆڕشی چەکداری ٤٦-٤٧ لەگەڵ کۆمەڵیک لە لاوان و گەنجانی شاری نەوسوود و ناوچەی هەورامان پەیوەستی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و شۆڕشی چەکداری ٤٦-٤٧ دەبن و دواتریش لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزب لە ناوچەی هەورامان سازمان دەدرێن. لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، شەهید سەبری لە یەکەم کادرەکانی بە ئەزموون و لێهاتووی حیزب دەبێت کە لە شار و ناوچەکانی دەڤەری هەورامان خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی سازمان ئەدەن و پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیش ڕێکخستنە ئاشکراکانی حیزب ڕێک دەخەنەوە و لە ماوەییەکی کورتدا دەیان و سەدان لاوی دەڤەرەکە پەیوەستی ڕیزەکانی حیزب دەبن.

لەگەڵ هێرشی هۆڤانەی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەییشتووی ئێرانی بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان، شەهید سەبری جەلالی، شان بەشانی گەنجان و لاوانی دەڤەرەکە چەکی بەرگری لە شان ئەکەن.

لە ساڵانی بەرگری ڕەوای خەڵکی کوردستان بنەماڵەی جەلالی لە شاری نەوسوود دەبێتە بە بنکە و بارەگای پێشمەرگەکانی کوردستان و لە مێژووی پڕ لە شانازی بەرگریی کوردستاندا چەندین لاوی خوێنگەرمی ئەو بنەماڵە چەکی بەرگری لە شان ئەکەن و هەروەها کۆمەڵێک کادر و پیشمەرگەی ئازا لەوانە شەهید سەبری جەلالی، شەهید سەتار جەلالی، شەهید دارا شادۆست و شەهید مەجید مەجیدیانی پەیوەستی کاروانی سوورخەڵاتانی کورد و کوردستان دەبن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.