کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێرانییەکان زۆر پێداگرن وتووێژمان لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئێمە هیچ بەپەلە نین

10:59 - 26 پووشپەڕ 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕ سەبارەت بە ڕەوتی وتووێژەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ئێستادا هیچ پەلەیەکی بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئێران نییە.

ترامپ لە پەراوێزی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ سەلمان بن حەمد ئالەخەلیفە، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی بەحرەین، لە کۆشکی سپی وتی: "ئێمە هیچ پەلەیەکمان بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام ئەوان زۆر پێداگرن لە سەر ئەوەی کە وتووێژمان لەگەڵ بکەن".

ئەم قسانەی دۆناڵد ترامپ لەکاتێکدایە کە لایەنی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە هیچ بەرنامەیەکی بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکادا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکوەزیرانی بەحرەین لە پرێس کۆنفرانسی پاش چاوپێکەوتنەکەدا بە هەواڵنێرانی وت: "لە ئێستادا تۆپەکە لە زەوی ئێراندایە و ئەگەر تاران وتووێژ بکات قازانجی زۆری پێ دەگات".

پێش دەسپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژە، تاران و واشینگتۆن لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە پێنج جار بە شێوەی ناڕاستەوخۆ وتووێژیان هەبوو، بەڵام ئەم وتووێژانە نەگەیشتە ئاکام و ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەرداندا هێڕشی کردە سەر ئێران.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ستیڤێن ویتکاف، نوێنەری تایبەتی ترامپ بۆ وتووێژەکان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندبوو کە وتووێژەکانی داهاتوو دەبێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەنجام ببێت.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو و پێش دەسپێکی وتووێژە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی ئێران ڕایگەیاندبوو کە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا "زیرەکانە، ژیرانە و شەرەفمەندانە" نییە.