کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی سووریە لە شاری سووەیدا پاشەکشەی کرد

11:11 - 26 پووشپەڕ 2725

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریه، ئەحمەد شەرع، ڕێبەری حکوومەتی نوێی سووریە، ڕایگەیاند کە پارێزگاری لە دەرووزییەکان لە شاری سووەیدا دەکات.

 

لەو پێوەندییەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ لایەنەکان چوونەتە وتووێژەوە و شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە باشووری سووریە و هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل، کۆتایی پێ دێت.
ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە کە لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێ گرژی و ئاڵۆزییەکان کۆتاییان پێ‌ بێت و هەموو لایەنەکان ڕێز لە پێبەندییەکان بگرن.

 

ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی بەرگریی سووریە پاش ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەڵاڵەیەکی هاوبەش دوای سڕێنەوەی شار لە گرووپە نایاساییەکان، سووەیدا بەجێ دەهێڵن و پاشەکشە دەکەن.

 

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە چوونەدەرەوەی هێزە ئەمنییەتییەکانی سووریه لە سووەیدا نەکراوە.

 

بە دوای ئەوەدا حکوومەتی سووریە و ڕێبەرانی کەمینەی مەزهەبیی دەرووز، ئاگربەستێکی نوێیان ڕاگەیاند.

گرژییەکان پاش ئەوەی کە چەکدارانی لایەنگری ئەحمەد ئەلشەرع کەسێکی دەرووزییان لە شاری سووەیدا دەسبەسەر کرد و بێڕێزییان پێ کرد سەری هەڵدا.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پاش دەسپێکی هێڕشی هێزە ئەمنییەکانی سووریە بۆ سەر شاری سووەیدا، فەرمانی هێرش بۆ سەر ئەرتەشی سووریە لە پشتیوانی لە دەرووزییەکانی دەرکرد.