کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی مازووت لە وزەخانەکانی ئێران بەردەوامە

11:54 - 26 پووشپەڕ 2725

سەرەڕای بەڵێنی سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی بەکارهێنانی نەوتی کوورە یان هەمان مازووت لە وەرزی زستاندا، کێشەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و لە ئیستادا وزەخانەکانی ئێران لە وەرزی هاوینیشدا مازووت دەسووتێنن.

 

محەممەد جەماڵیان، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە وێڕای بەڵێنی سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی سووتاندنی مازووت لە زستاندا، کێشەکە چارەسەر نەکراوە.

 جەماڵییان بە ئاماژەدان بە پیسبوونی هەوا بەهۆی بەکارهێنانی مازووتەوە وتوویەتی: "سووتانی مازووت کێشەی گەورەی بۆ پیسبوونی هەوا و ژینگە پێک هێناوە و چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە، ناڕاستبوون لەگەڵ خەڵکدایە".
 

ناوبراو زیادی کردووە: "لێکۆڵینەوەی بەربڵاو سەبارەت بە پیسبوونی هەوای ئەراک ئەنجام دراوە و بەڵگەی پێویستی ژینگەیی و پزیشکی سەبارەت بە زیانەکانی سووتاندنی مازووت لە بەردەستدایە و هەروەها وەزارەتی تەندروستیش ڕێژەی خەسارە گیانییەکانی سەبارەت بە پیسبوونی هەوای ئەراکی بڵاو کردووەتەوە".

 

جەماڵیان ڕایگەیاندووە کە ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران فەرمانی ڕاگرتنی سووتاندنی مازووتی ڕاگەیاند، بەڵام ئەو بڕیارە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە و ناهاوسەنگییەکان وەک هۆکار لە قەڵەم دراوە.

 

لە ئێستادا تەندروستیی خەڵک بووەتە قوربانیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێرانێکدا کە سوویەمین سەرچاوە و پاشەکەوتەکانی گازی لە جیهاندا هەیە.