
کاناڵی ''ئێن بی سی نیوز'' بڵاوی کردەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نوێی ئەمریکا، لە سێ سایتی ناوکی کۆماری ئیسلامی کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا کراوەتە ئامانج، تەنیا یەکێکیان لەنێوچووە.
کاناڵی ''ئێن بی سی نیوز''، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، لە زاری پێنج بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە دوو سایتی دیکەی ناوکیی ئێران زیانی کەمتریان بەرکەوتووە و ڕادەی لەنێوچوونیان بەڕێژەیەک بووە کە تاران ئەگەر بیهەوێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەرنامەی پیتاندنی خۆی لەم دوو دامەزراوەیە دەست پێبکاتەوە.
چوار سەرچاوە ڕایانگەیاند، هەڵسەنگاندنەکە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی دۆناڵد ترامپ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا کە بە ئۆپەراسیۆنی ''چەکوشی نیوەشەو'' ناسراوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داتاکانی خراوەتە بەردەستی ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمریکا و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و وڵاتانی هاوپەیمانی واشنگتۆن.
پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێنج خولی دانوستانی ناوکی لە نێوان تاران و واشنگتۆن بەڕێوەچوو، بەڵام دانوستانەکان گەیشتە بنبەست و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی پیتاندن لەسەر خاکی ئێران کرد.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قسە و باسەکان سەبارەت بە چارەنووسی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران، لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان زیاتر بووە.
کاناڵی ئێن بی سی نیوز لە درێژەدا بڵاوی کردەوە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بیر لە بژاردەی هێرشی سەربازیی نوێ دەکەنەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دژایەتی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان بکات یان ئەگەری هەنگاوی تاران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو دوو سایتەی کە کەمتر زیانیان پێگەیشتووە.