کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی گرووپی حەوت بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

10:39 - 10 پووشپەڕ 2725

وەزیرانی دەروەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دەکەن و هاوکات داوای دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنیکی تەواو سەبارەت بە پرسی ناوکیی ئێرانیان کرد.

کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە خاکەلێوەی ئەمساڵەوە خەریکی وتووێژ لەسەر پرسی ناوکیی ڕێژیمن؛ کۆمای ئیسلامی ئەم بەرنامەیە بە بەرنامەیەکی ئاشتیخوازانە ناو دەبات و وڵاتانی دیکەش دەیانەوێ دڵنیا ببنەوە کە ئێران نایەوێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە بەیاننامەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕی خۆیاندا، ڕایانگەیاندووە: دەمانەوێ بە دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان سەبارەت بە پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بگەینە ڕێککەوتنێکی تەواو و سەقامگیر.

وەزیرانی گرووپی حەوت هەروەها داوایان کردووە کە هەموو لایەنەکان پێش بە کردەوەگەلێک بگرن کە دەتوانێ سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.

گرووپی حەوت هەروەها هەڕەشە گیانییەکانی کۆماری ئیسلامی دژی بەرپرسی ئاژانسی وزەی ناوکییان مەحکووم کرد.