
لارا ڕۆزێن، ڕۆژنامه‌وانی بەناوبانگی ئه‌مریکایی که به شێوه‌ی ورد و پسپۆڕانه به‌دواداچوونی بۆ ڕه‌وتی دانوستانه ناوکییه‌کان کردووه و ڕاپۆرتی له سه‌ر دروست کردووە، له زاری به‌رپرسێکی ئه‌مریکاییەوە نووسیویەتی: "ئه‌مریکا له ئێستادا دووره‌دیمه‌نێکی ڕوون بۆ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی دانوستانەکان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئێران له داهاتوودا نابینێت".
به گوێره‌ی ڕاپۆرتی "ڕۆزێن"، ده‌وڵه‌تی ترامپ له‌هه‌وڵدایه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئورووپاییه‌کانی بگه‌نه ڕێککه‌وتنێکی به‌ربڵاوتر به نیسبه‌ت ڕێژیمی ئێرانه‌وه.
دوو ڕۆژ پێش ئێستا دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگه‌یاند که کاربه‌ده‌ستانی تاران پێداگرن وتووێژ لەگەڵ واشینگتۆن بکەن، بەڵام کۆشکی سپی له‌و باره‌وه هیچ پەلەیەکی نییه.
هه‌روه‌ها هه‌واڵده‌رییه‌کانی ئیسرائیل له دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌یان به‌وه داوه که ئیسرائیل داوای له هێزه ئورووپاییه‌کان کردووه له‌وه زیاتر چاوه‌ڕوان نه‌مێنن و "مێکانیزمی ماشه" بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران به خیرایی کارا بکه‌نه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی "یدیعووت ئاحارونووتـ"ـی ئیسرائیلی ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٥ی پووشپەڕ باسی له‌وه کرد که به‌رپرسێکی باڵای ئیسرائیل به ده‌وڵه‌ته‌کانی ئاڵمان، فه‌رانسه و بریتانیای ڕاگه‌یاندووه که هیچ بیانوویه‌ک بۆ که‌ڵکوه‌رنه‌گرتن له مێکانیزمی ماشه بوونی نییه و هه‌موو ئه‌و پاساو و بیانووانه‌ی هه‌تا ئێستا بۆ کارانه‌کردنه‌وه‌ی هێندراونه‌ته‌وه، بێبایه‌خن.
ئه‌و ڕۆژنامه ئیسرائیلییه به ئاماژه‌دان به هه‌وڵه‌کانی ئیسرائیل بۆ کاراکردنه‌وه‌ی مێکانیزمی ماشه و به‌قه‌ناعه‌تگه‌یاندنی به‌رپرسانی ئورووپایی، نووسیویەتی: "بێنیامین نێتانیاهوو له دانوستانه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی ئورووپایی خوازیاری کاراکردنه‌وه‌ی خێرای ئه‌و سزایانه بووه".
هه‌روه‌ها پێشتریش هه‌واڵده‌ریی "ئاکسیۆس" به پشتبه‌ستن به زانیارییه‌کانی سێ سه‌رچاوه‌ی ئاگادار ڕاپۆرتێکی بڵاو کرده‌وه که به‌پێی ئه‌و راپۆرته، ئورووپا و ئه‌مریکا له وتووێژی دوایین ڕۆژه‌کانی مانگی ئووتی زایینی‌دا دوامۆڵه‌تی دانوستانیان به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ ئێران تاوتوێ کردووه و له ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌گرتنی دانوستاندا، مێکانیزمی ماشه چالاک ده‌که‌نه‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌دنییه‌دا ئیسماعیل به‌قایی، وه‌ته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیم، وتوویه: "ئورووپا و ئه‌مریکا مافی یاسایی، سیاسی و ئه‌خلاقییان بۆ ئه‌و کاره نییه".
ڕێبه‌ری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشه‌ممه له یه‌که‌مین لێداوانی خۆی له دوای هاتنه‌ده‌ره‌وه له حه‌شارگه ژێرزه‌وینییه‌کی پاش کۆتاییهاتنی هێرشه‌کانی ئیسرائیل، وتبووی: "له سه‌ر درێژه‌ی چالاکییه دیپلۆماسییه‌کان به ئامانجێکی ورد و هاوتەریب لەگەڵ چالاکییە سه‌ربازییەکان جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه".
خامنەیی لەم لێدوانەیدا هه‌وڵه‌کانی ده‌وڵه‌تی مەسعوود پزشکییانی به " هەوڵی دروست" له قه‌ڵه‌م دابوو.