
له درێژه‌ی سیاسه‌تە شەڕەنگێزانە و ناسه‌قامگیرکردنی ناوچه‌که له‌لایه‌ن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانه‌وه، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریکا "سێنتکام"، باسی له‌وه کردووه که بارێکی چه‌کوچۆڵی گه‌وره‌ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی که به مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی حووسییه‌کانی یه‌مه‌ن به‌ڕێ کرابوو، ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
سێنتکام ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٥ی پووشپه‌ڕ، له هه‌ژماری "ئیکس"ـدا ڕایگه‌یاندووه که هێزه‌کانی "به‌ره‌ی مقاومه‌تیی میللیی یه‌مه‌ن" توانیویانه ده‌ست به سه‌ر زیاتر له ٧٥٠ تۆن که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی ڕێژیمی ئێران بۆ بگرن کە بڕیار بووە بگاتە دەستی حووسییەکان.
به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراو‌ی سێنتکام، ئه‌و که‌ره‌سته سه‌ربازییانه سه‌دان مووشه‌کی کڕووزی پێشکه‌وتوو، مووشکی دژه‌که‌شتی، سیستمی به‌رگریی ئاسمانی، ڕادار، بزوێنەری دڕۆن و ده‌یان که‌ره‌سته‌ی دیکه‌ی له‌خۆ گرتووه که ده‌رخه‌ری به‌رده‌وامیی پشتیوانییه سه‌ربازییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له گرووپه تێرۆریستییه‌کانی ناوچه‌کەیە.
ئه‌و باره چەکوچۆڵە، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی چه‌کوچۆڵی کۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ده ساڵ شه‌ڕی یه‌مه‌ن دێتە ئه‌ژمار و ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که هێرشی مووشه‌کی و دڕۆنیی حووسییه‌کان بۆ سه‌ر که‌شتییه بازرگانییه‌کان لە ده‌ریای سووردا بووەتە سه‌ره‌کیترین هۆکار بەربەست بۆ سه‌ر ئه‌منییه‌تی که‌شتییه نێونەتەوەییەکان.
ڤیدیۆ بڵاوەبووەکانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که ئه‌و مووشه‌ک و چه‌کوچۆڵانه هه‌مان مووشەکگەلێکن که له‌م دواییانه‌دا که‌شتییه ئه‌مریکایی و بارزگانییه‌کانیان کردووه‌ته ئامانج.
مایکێل کۆریلا، فه‌رمانده‌ی سێنتکام، له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا وتی: "هه‌ندێک په‌ڕاویلکه‌ی ڕێنوێنی به زمانی فارسی و کەرەستەگەلێکی سەربازی بینراون که له‌لایه‌ن چه‌ند شیرکه‌تێکی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕێژیمی ئێران که گه‌مارۆیان له سه‌ر بووه ، به‌رهه‌م هێنراون".
کۆریلا باسی له‌وه‌ش کردووه که ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و باره گه‌وره‌یه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییهیە که ڕێژیمی ئێران له ناسه‌قامگیریی ناوچه‌که‌دا ڕۆلێکی چالاکانه ده‌گێڕێت و جەختیشی کردووەتەوە کە سنووردارکردنی ڕێگه‌ی ناردنی پشتیوانییه‌کانی ڕێژیم بۆ ئه‌و گرووپه لە جێگیرکردنی ئه‌منییه‌ت، سه‌قامگیری، ئازادی و ڕێگه‌ی هاتوچۆی ناوچه‌که پێویستیێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره.
ئاشکرابوونی هەوڵی شەڕەنگێزانەی ڕێژیم له ناوچه‌که‌دا ته‌نیا نموونه‌یه‌کی دیکه له سیاسه‌تی مه‌ترسیداری کۆماری ئیسلامییه و خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕه نیابه‌تییه‌کانی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاستدایە و ئه‌وه‌ش ته‌نیا سیاسه‌تێک که ئه‌منییه‌تی ناوچه‌که ده‌خاته مه‌ترسییه‌کی جیددییه‌وه نییه، به‌ڵکوو خه‌ڵکی ئێرانیش تووشی تێچووی قورسی سیاسی و ئابووری ده‌کات.