کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشدارییەکان سەبارەت بە نەبوونی ئاو لە بەنداوەکانی تاران

17:28 - 26 پووشپەڕ 2725

دوایین هەڵسەنگاندنەکان بۆ دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای تاران نیشان دەدەن کە قەبارەی ئێستای ئاوی هەڵگیراو لە بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزیکەی ١٤ لەسەدی دەفەرایەتی خەزانەکان.

هەواڵدەریی ''ئیسنا'' ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕ لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی "ئاگاداری سوور بۆ بەنداوەکانی تاران" ڕایگەیاند کە ئەم ڕێژەیە کەمبوونەوەی بەرچاوی پشکی بەکارهێنراوی ئاوی خەزانەکان لە چاو ساڵی ڕابردوو و نێونجی درێژماوە نیشان دەدات.

ڕێژەی بارانبارینی تۆمارکراو لە تاران لە سەرەتای ساڵی ئاوی ئێستاوە نزیک لە ١٥٣ میلیمیتر بووە کە بەنیسبەت نێونجی درێژەماوە زیاتر لە ٤٠ لەسەد دابەزیوە.

هەروەها بارانبارینی مانگی بانەمەڕی ئەماساڵ دەریدەخات کە لەم مانگەدا بە بەراورد بە نێونجی درێژماوە زیاتر لە ٩٠ لەسەد کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەم دۆخە بە جۆرێکە کە عەباس عەلی ئابادی وەزیری وزە ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگی داهاتوودا بەنداوی ماملو وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی ئاوی تاران و پاشان بەنداوەکانی لتیان، لار و کەرەج ڕەنگە لە مەداردا نەمێنن.

کەمیی ئاو لە ئێران و بەتایبەتی لە پێیتەخت نیگەرانییەکانی لە بارەی وشکەساڵییەکی بەرفراوانتر دروست کردووە و شارەزایانی بواری ژینگەش هۆشدارییان داوە کە نەبوونی بەڕێوەبەریی کارامە و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو لەوانەیە کارەساتی لە ئاستی ئێران لێبکەوێتەوە.