
چوار هاووڵاتیی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، شەوی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری خومەین سەر بە پارێزگای ئەراک، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ناوەندێکی سەربازی لە شاری خومەین، بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە دوو ماشینی هاووڵاتییان دەکەن و لە ئاکامدا چوار کەس دەبنە قوربانی.
وەحید بەراتی، فەرمانداری خومەین، ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم ناوەندە سەربازییە گومان لە دوو ماشینەکە دەکەن و پاشان تەقەیان لێ دەکەن.
کۆماری ئیسلامی لە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، ژمارەیەکی زۆر خاڵی پشکنینی لە سەر جادە و شەقامەکانی نێو شارەکانی کوردستان و ئێران بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەندامانی مووساد و چەکۆچۆڵەکانیان جێگیر کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە خاڵێكی پشکنین لە شاری هەمەداندا، ڕاستەوخۆ و هەڕەمەکی تەقە لە ماشینێک دەکەن کە بە وتەی خۆیان "گوماناوی" بووە کە لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەشدا دوو هاووڵاتی دیکە ببونە قوربانی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە مافی مرۆڤییەکان، ساڵانە لانیکەم ١٦٣ هاووڵاتی لە ئێران بە هۆی تەقەی هەڕەمەکیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە گیانی خۆیان لە دەست ئەدەن.