کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئورووپا بە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان

11:43 - 28 پووشپەڕ 2725

وەزیری دەرەوەی وڵاتانی فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان ڕایانگەیاند کە ئەگەر ئێران وتووێژەکان بۆ دانوستان دەست پێ نەکاتەوە، بەرەوڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
سێ وڵاتی ئورووپایی ماوەی زیاتر لە مانگێکیان کات داوە بە ڕێژیمی ئێران کە وتووێژەکانی لەگەڵ ئورووپا دەست پێ بکاتەوە. لە ئەگەری ملنەدانی تاران بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان و نەگەیشتن بە دانوستان، هەموو سزاکانی پێشوو لەسەر کۆماری ئیسلامی چالاک دەکرێتەوە.

 

ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە وتووێژێک لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەڕانسە و ئاڵمان و بریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئێران بە پێشمەرجەوە دەچێتە وتووێژکردن لەگەڵ ئورووپا و ئەمریکاوە.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیم جەختی کردبووەوە کە ئورووپا بۆ سەرگرتنی دانوستان دەبێ واز لە هەڕەشە و گوشارهێنان و چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە بهێنێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز شاندێک لە وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی بەهێزی ئورووپایی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، بۆ یەکەمین جار پاش شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پێوەندییان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم گرتووە.
ئەو وڵاتانە لەم پێوەندییەدا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی، وتووێژەکان لەگەڵ ئورووپا دەست پێ بکاتەوە.
 وڵاتانی ئورووپایی  ڕایانگەیاندبوو کە لە ئەگەری ڕانەگرتنی چالاکییە ناوکییەکان لەلایەن تارانەوە، سزاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوەتی دەگەڕەندرێتەوە  سەر ئێران.