کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یووهان وادێفوول: لە سەر کاراکردنی مێکانیزمی ماشە پێداگرین

11:57 - 28 پووشپەڕ 2725

پاش هۆشدارییەکانی سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان سەبارەت بە کاراکردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، وەزیری دەرەوی ئاڵمان پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، بەدڵنیاییەوە مێکانیزمی ماشە کارا دەکرێت.

یووهان وادێفوول، ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ لە پێوەندیی لەگەڵ وتووێژە ناوکییەکان و ئەگەری کاراکردنی مێکانیزمی ماشە لەلایەن سێ وڵاتی ئورووپای ناسراو بە ترۆئیکا ڕایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوەیە تاکوو وتووێژێکی سێ لایەنەی جێی متمانە لە نێوان کۆماری ئیسلامی، ئورووپا و ئەمریکاوە دەست پێ بکات.
وادێفوول جەختی کردووەتەوە کە بەبێ وەها وتووێژێک کێشەی ناوکیی ئێران چارەسەر ناکرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە داواکارییەکانی ئورووپا زیادی کردووە کە تاران دەزانێت داواکارییەکانی ئورووپا چییە و وتوویەتی: "داواکارییەکانمان لە سەر ئەو بنەمایە کە ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت".

وەزیری دەرەوی ئاڵمان لە کۆتایی قسەکانیدا لە سەر کاراکردنی مێکانیزمی ماشە جەختی کردووەتەوە و وتی: "ئەوەی کە لە ئێستادا دەتوانم بە دڵنیاییەوە باسی لێ بکەم ئەوەیە کە ئێمە سەرەتا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕیگەی دیپلۆماسییەوە پێداگری دەکەین و پاشان ئەگەر هەوڵەکانمان شکستی هێنا، هەر بەو ڕادە لە پێداگرییەوە میکانیزمی ماشە بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکان کارا دەکەینەوە".

پێش ئەم لێدوانەی وادێفوول، سێ وڵاتی ئورووپایی هۆشدارییان دابوو بە تاران کە ئەگەر وتووێژەکان بۆ دانوستان دەست پێ نەکاتەوە، هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێندرێتەوە سەر ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان تەنیا بە مەرجێک دەبێت کە ئەمریکا ئامادە بێت ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە، هاوسەنگ و بەسوود"، بۆ هەر دوو لایەن بێتە ئاراوە.