
ڕامیار (شێرکۆ) بازیار، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کێبڕکێی لەشجوانی لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بە بەرێوەبەری شاری سلێمانی سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ناوبراو لەو کێبڕکێیەدا توانی پلەی دووهەم لە هەر دوو ڕشتەی ''بادی کلاسیک" و "فیزیک کلاسیک'' مسۆگەر بکات.
هەروەها ڕامیار لە ڕشتەی ''بادی بێڵدینگ'' لەم کێبڕکێیەدا، پلەی چوارەمی مسۆگەر کردووە.
لەو کێبڕکێیەدا کە ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، سەدان وەرزشوان لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا تێدا بەشداربوون.
ڕامیار بازیار، تمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری مەریوان کە ماوەی ٧ ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە، سەرەڕای کەموکوڕییەکان بە هەوڵ و تێکوۆشانی بێوچانی خۆی لە یاری لەشجوانی لە ماوەی دوو ساڵدا توانی بگاتە ئەو ئاستە کە پلەی باڵا لە ئاستی عێراقدا تۆمار بکات.
ناوبراو حەفتەی ڕابردوو لە یەکێک لە گەورەترین کێبڕکێیەکانی لەشجوانی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە شاری هەوڵێر بەڕێوە چبوو، توانیبووی پلەی چوارەم لە ڕشتەی فیزیک کلاسیکدا مسۆگەر بکات.