کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی سووریە ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە

19:16 - 28 پووشپەڕ 2725

پاش چەند ڕۆژ لە شەڕی نێوان دەرووزیەکان و هۆزە عەرەبەکانی لایەنگری ئەحمەد ئەلشەرع، دەوڵەتی دەمیشق بە فەرمی ئاگربەستی پشتڕاست کردەوە.

دەوڵەتی نوێی سووریە دوای چەند ڕۆژێک لە پێکدادانی کوشندە لە نێوان دەرووزییەکان و هۆزەکانی عەرەبی سوننە و هێزە ئەمنییەکان لە باشووری ئەو وڵاتە، ئاگربەستی بە نێوبژیوانیی ئەمریکا لە نێوان سووریە و ئیسرائیل پەسەند کرد.

ئیسرائیل لە کاردانەوە بە ڕەوانەکردنی هێزەکانی دەوڵەت بۆ سووەیدا هێرشی ئاسمانیی کردبووە سەر دامەزراوە حکوومەتییەکانی سووریە.

ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ، دەوڵەتی دەمیشق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاگربەستی ڕاگەیاند و هەوڵی خۆی بۆ ناردنی هێزە ئەمنییەکانی بۆ پارێزگای سویدا پشتڕاست کردەوە.

پێشتر تام باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیە و نوێنەری تایبەتی کۆشکی سپی بۆ کاروباری سووریە، ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل و سووریە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەست گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئیسرائیل وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە کەمینەی ئایینی دەرووزیەکان لە ڕووی سەربازییەوە دەستێوەردانی لە ململانێکاندا کردبوو.
 بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە کاتێکی دیاریکراوی بۆ هێزەکانی سووریە دیاری کردووە تاکوو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە ڕەوانەی پارێزگای سووەیدا بکرێن.

نزیکەی حەفتەیەک لەمەوبەر تێکهەڵچوونی کوشندە لە نێوان هۆزەکانی دەرووزی و عەرەب دەستی پێ کردووە و بەپێی ئامارەکانی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سوریە زیاتر لە ٧٠٠ کەس لەو شەڕەدا کوژراون.