کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: سێ دامەزراوە ناوکییەکەی ئێران بە گشتی لەنێو چوون

11:05 - 29 پووشپەڕ 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێان، لە دوای هێرشەکەی خۆی بە فڕۆکەی بی ٢، باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی واشینگتۆن لە مانگی ژوئەنی ڕابردوودا، سێ دامەزراوی ناوکیی ئێرانیان بەتەواوەتی لەنێو بردووە.

ترامپ لە پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بە تەواوەتی لەنێو چوون و نەماون و نۆژەنکردنەوەیان چەندین ساڵ دەخایەنێ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کاناڵی ئێن بی سی نییوز لەمبارەوە و لە زاری پێنج بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە لە هەڵسەنگاندنێکی نوێی ئەمریکاییدا، دەردەکەوێ کە هێرشەکان لەلایەن ئەمریکاوە تەنیا یەک دامەزاوەی ناوکیی ڕێژیمی لەنێو بردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سیمۆنا هالپرین، باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕووسیە ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە خاکێ ئێراندا، بەرنامەی ناوکیی ئەم وڵاتەیان لانیکەم بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ دوا خستووە.

ناوبراو وتوویەتی: بە ئەگەری زۆرەوە خەسارەکان ئەوەندە زۆرن کە گەڕانەوە بۆ ڕەوتی پێشوو بۆ پەرەدان بە بەرنامەی ناوکی بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کارێکی دژوار دەبێت.

ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە جەختی کردووەتەوە کە لە ئەگەری بینینی نیشانەگەلێک لە دەسپێکردنەوەی بەرنامەی ناوکیی ئێران بە ئامانجی نیزامی، تێلاڤیڤ هێرشە نیزامییەکانی خۆی بە ئەگەری زۆرەوە دەست پێ دەکاتەوە.