
وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ دانی بەوەدا نا کە مووساد لە ئاستی کاربەدەستانی باڵادا دزەی کردووەتە نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، ئیسماعیل خەتیب، لە وتووێژێک لەگەڵ ئەم هەواڵدەرییەدا دزەکردنی سیخوڕەکانی وڵاتانی دەرەکیی لە ئاستی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کردووەتەوە و زیادیشی کردووە کە ئەم چەشنە دزەکردنانە پێشتریش بووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە کە سیخوڕەکانی تارانیش لە وڵاتانی دیکە و هەروەها ئیسرائیل دزەیان کردووە و لە ئێستادا بوونیان هەیە.
خەتیب سەبارەت بە پرسیاری دۆزینەوەی سیخوڕەکان لە ئاستی بەرپرسانی باڵادا، وڵامی ئەم هەواڵدەرییەی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەزگای بەناو دادوەری دەبێت لە کۆتاییدا ئەم حاڵەتانە ڕابگەیەنێت و جەختیشی کردووەتەوە کە دەسکەوتەکان لەم پێوەندییەدا بە فەرمی ڕاگەیاندنی بۆ دەکرێت.
ئەم لێدوانانەی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، کۆماری ئیسلامی بە گوشارخستنەسەر خەڵکی ئاسایی لە جاددە و شەقامەکان بە دانانی خاڵگەلی پشکنین و هەروەها شەپۆلی دەرکردنی بەکۆمەڵی پەنابەرە ئەفغانستانییەکان، لە هەوڵدا بوو کە سیخوڕەکانی سەر بە مووساد بدۆزێتەوە.