
لە دوای زۆربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل ڕەخنەی لە سیاسەتە شەڕەنگێزانە و هەڕەشەئامێزەکانی کۆماری ئیسلامی گرتووە و ڕاشکاوانە خوازیاری هەوڵی هێرشبەرانە دژی تاران بووە.
"ئاویگدۆر لیبێرمەن" کە ئێستا ڕێبەرایەتیی حیزبی ڕاستڕەوی "ئیسرائیل ماڵی ئێمە"ی لە ئەستۆیە، لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا وتی: بیری ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لای تۆڵەکردنەوەیە. ئەوان لە جیاتی چاککردنەوەی ژێرخانە وێرانکراوەکانیان و وڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک، خەریکی داڕشتنی گەڵاڵەی نوێ دژی ئیسرائیلن."
لیبێرمەن جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر لە پێگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا بایە، مووسادی ڕادەسپارد تاکوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە جۆزەردانی ئەمساڵدا، هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامی نزیکەی دوو ساڵ بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم دامەزراوانە کاتی پێویستە، بەڵام پرسی مەترسیدار ئەوەیە کە ڕێژیم جارێ بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە.
ناوبراو شەڕ دژی ئیسرائیلی بە تەنیا کەڵکەڵەی مێشکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زانی و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامی خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرشیکی گەورەترە.
وەزیری بەرگریی پێشووتری ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئیسرائیل جارێکی دیکە دەبێ گورزی یەکەم بوەشێنێ، ئێران دەیەوێ دەسپێکەری هێرش بێت و ئێمە نابێ چاوەڕوان بین."
لیبێرمەن بە ئاماژە بە هێرشی بەربڵاوی ئێران لە وڵام بەو ئۆپەراسیۆنە ڕایگەیاند: ئەگەر لە جیاتی ٢٦ مووشەک، ٢٦٠ مووشەک بەرەو ئیسرائیل هاویژرابا، کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو ڕووی دەدا.
لە درێژەی هێرشە تۆڵەئەستێنانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، زیاتر لە ٥٠٠ مووشەکی بالستیک و ١١٠٠ پەهبادی خۆتەقێن بەرەو ئیسرائیل هاوێژران کە کوژرانی ٩ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٣ هەزار کەسی بەدواوە بوو.
وتەکانی لیبێرمەن ڕوەنگدانەوەی نیگەرانییە جیدییەکان سەبارەت بە هەوڵی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەیە؛ ڕێژیمێک کە نە تەنیا لە ڕووبەوووبوونەوەی سەربازی سڵ ناکاتەوە، بەڵوو بە خەرجکردنی سەرجاوە گەورە گشتییەکان بۆ گەشيپێدانی چەکوچۆڵ. لە ڕاستیدا ژیانی میلیۆنان هاوولاتییی لە ئێراندا لە ژێر سێبەری هەژاری، نەبونی ئەمنییەت و ناسەقامگیریدا هێشتووەتەوە.