کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی بێدەنگی ڕووبارەکانی لوڕستان لەژێر سێبەری ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیمدا

16:38 - 29 پووشپەڕ 2725

لوڕستان لە دووهەمین ساڵی وشکترین دەورەی ئەم نیو سەدەی دواییەدایە و قەیرانی ئاو لەم پارێزگایەدا، نەک تەنیا ئاکامی گۆڕانکارییە هەڕێمییەکان بەڵکوو ئاکامی دەیان ساڵ نابەرپرسایەتی، بێ مشووری و ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووە.

بە وتەی ئەحمەد گوودەرزی، جێگری شیرکەتی ئاوی ناوچەیی لوڕستان، ڕووبارەکانی وەک کەشکان، کاکاشەرەف، مادیان ڕوود و دەیان لقی دیکە، یان بە گشتی وشک بوون یان هەتا ٨٠ لەسەدی ئاوەکەیان کەمی کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی داتا فەرمییەکانی ڕێژیم، ڕێژەی باران بارین لەم پارێزگایە ٤٠ لەسەد بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژماوە، کەمی کردووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم جیا لە گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و بە بێ ئاماژە بە ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیم، خەڵک و وەرزیڕانی بە تاوانباری سەرەکیی وشککردنی ڕوووبارەکانی لوڕستان ناو بردووە و هۆکارەکەی بە بەرزبوونەوەی ئاستی کشتوکاڵ بەتایبەتی برنج زانیوە کە ئاوی زۆریان پێویستە .

بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بەرەوڕووبوونەوەی ڕیشەیی لەگەڵ قەیرانەکان، بە قەدەغەکردنی کاتی و ناکارامە، تەنیا پرسەکە بە لاڕێدا دەبەن و لەم ڕاستایەدا چاندنی برنج لە خاکەلێوەیان قەدەغە ڕاگەیاندووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرینگیدانی زیاتر بە پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو بۆ ناوەندە پیشەیی و نیزامییەکان، سەرچاوەکانی ناوچەی زاگرۆسی کردووەتە قوربانیی ئەمنییەتیی ئاوی ناوچە ناوەندییەکانی ئێران و سەدان گوند لە لوڕستان لەگەڵ قەیرانی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون، بەڵام سەرمایەدانان بۆ بووژاندنەوەی سەرچاوە خۆجێیەکان گرینگیی پێ نەدراوە.