
پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، کۆماری ئیسلامی لە هەموو جاددە و شەقامەکانی کوردستان و ئێران بەمەبەستی دۆزینەوەی کەسانی گوماناوی و چەکوچۆڵ، کۆمەڵێک خاڵی پشکنینی دامەزراند کە تاکوو ئێستاش بەردەوامن.
لەم پێوەندییەدا و بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ شارەکانی کوردستان، هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ ڤیدیۆیەکی لەژێر ناوی "دابینکردنی ئەمنییەت لە سنە"ـی بڵاو کردووەتەوە.
لە ڤیدیۆکەدا ژمارەیەک لە هێزە چەکدار و "لیباس شەخسییەکان"ـی ڕێژیم لە سەر شەقامە سەرەکییەکانی نێو شاری سنە بە دانانی لەمپەڕ و بەربەست، ڕێگە بە هاتوچۆی هاووڵاتییان دەگرن و پشکنینی خۆیان و ماشینەکانیان دەکەن.
بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆ لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا ئەم خاڵی پشکنینانە بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین بابەتەکان بۆ سەر گیانی خەڵکی ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا شەوی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شاری خومەین سەر بە پارێزگای ئەراک، پاش گومانکردن لە دوو ماشین، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پڕەنسیپ و ڕێوشوێنێکی تەقەکردن، ڕاستەوخۆ هەر دوو ماشینەکە دەکەنە ئامانج و لە ئاکامدا چوار کەس دەکوژن و کەسێکی دیکەش بە توندی بریندار دەکەن کە لە ئیستادا لە کۆمادایە.
ڕەها شێخی، منداڵی تەمەن ٣ ساڵان، یەکێک لە قوربانییانی ڕووداوەکەیە.
دوو ژن و پیاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، سێ قوربانیی دیکەی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەم ڕووداوەدا بوونە و جێی ئاماژەیە کە منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵانیش بەم هۆیەوە بە توندی بریندار بووە و لە ئێستادا لە کۆمادایە.
ئەم چوار کەسە تەنیا قوربانییانی خاڵە پشکنینەکانی ڕێژیم لەم ماوەیەدا نەبوون.
ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ چەکدارانی خاڵێكی پشکنین ڕێژیم لە شاری هەمەدان کە بەپێی زانیارییەکان لە ژمارەیەک بەسیجی و ئەندامی سپای پاسداران پێک هاتبوون، ڕاستەوخۆ تەقە لە ماشینێک دەکەن و هەر دوو سەرنشینەکەی دەکوژن.
کوشتنی خەڵک لەم خاڵە پشکنینانەدا لەکاتێکدایە کە سەعید مونتەزێرولمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیم، وتبووی: "ئەمنییەتی خەڵک گاڵتەجاڕی نییە و خاڵە پشکنینەکان تاکوو ئاگادارکردنەوەی دواتر، بەردەوام دەبن".
بەم پێیە تاکوو ئیستا ٦ کەسی بێتاوان لەم خاڵە پشکنینانەدا کە بڕیار بوو ئەمنییەتی خەڵک دابین بکات بوونەتە قوربانی و کەسێکیش لە کۆمادایە.