
لە درێژەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانە و بەربڵاوەکان لە کوردستان، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سەردەشت و نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، شەوی هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی نەغەدە بە شوناسی مێهران دانشآمووزی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی یاسین بایستە و عوسمان(پاشناو ناڕوون)، خەڵکی گوندی دۆڵەتۆ، محەممەد ناسری خەڵكی گوندی ساوان و حاجی سەڕافی خەڵکی سەردەشتییان دەسبەسەر کردوون.
هەنگاو ڕایگەیاندووە کە دەسبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییانە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان ، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم پێنج کەسە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.