کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداری تاران: نۆژەنکردنەوەی خانووە ڕووخاوەکانی تاران تا دوو ساڵ دەخایەنێت

13:38 - 11 پووشپەڕ 2725

عەلیڕەزا زاکانی، شارەداری تاران ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانەی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە تاران وێران بوون، لە نێوان ١٨ هەتا ٢٤ مانگ دەخایەنێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێویستیی پاڵپشتیی خێرا بۆ ماڵە زیانلێکەوتووەکان، جەختی لەوە کردەوە کە لەم ماوەیەدا پێویستە دەوڵەت لە ڕێگەی پێدانی پارەی پێشەکی و کرێ، مەرجی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ دانیشتووان دابین بکات.

زاکانی هەروەها باسی لە پێشنیارێک بۆ تەرخانکردنی بوودجەی تا ٨ میلیۆن تمەن بۆ هەر میتری چوارگۆشە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکان ڕاگەیاند و وتی: "پیشترێتی بەو خانووانە دەدرێت کە بۆ نۆژەنکردنەوە دەبن''.

بە وتەی شارەداری تاران تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ بنەماڵە نیشتەجێ کراون و پلانیش بۆ نزیکەی ٢٠٠ بنەماڵەی دیکە هەیە کە لە ناوچە شارییەکان و هۆتێلەکاندا نیشتەجێ بکرێن.

پێشتریش کابنیەی مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاندبوو کە "بونیادی مەسکەن" لە نۆژەنکردنەوەی خانووە وێرانبووەکان بەرپرسیار دەبێت.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ئاماری وردیان سەبارەت بە ڕادەی ماڵە زیانلێکەوتووەکان و موڵک و ماڵی تایبەتی و حکوومەتی بڵاو نەکردووەتەوە.