کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگرانی ڕێژیمی ئێران لە ئەگەری چالاکبوونی مێکانیزمی ماشە

16:49 - 29 پووشپەڕ 2725

لەگەڵ زیادبوونی گومانەکان سەبارەت بە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە، میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە لە کاردانەوەی توند بەرامبەر بەم ئەگەرەی ڕۆژاوا و لەلایەکی دیکەشەوە لە دەرئەنجامەکانی چالاکبوونی لە نێوخۆی ئێراندا هۆشداریی دەدەن.

هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، هەڵوێستی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەیەکی فەرانسەیی کە ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ ئەنجام درابوو، وەبیرهێنایەوە.

تەسنیم نووسیویەتی: ''وەزیری دەرەوە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە بە واتای هێرشی سەربازی زانی و هۆشداریی دا لەوەی کە ئەم کارە بە مانای کۆتاییهاتنی ڕۆڵی ئورووپا لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندایە.''

ڕەزبەری ١٤٠٤، ڕێککەوتنی ١٠ ساڵەی بەرجام کۆتایی دێت. ئەگەر کۆماری ئیسلامی توانیبای تا ئەم ڕێکەوتە بەڵێنەکانی خۆی لە بەرجام جێبەجێ بکا، مێکانیزمی ماشە لەم ڕێکەوتەدا بێ کاریگەر دەبوو؛ بەڵام بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت هەر کام لە ئەندامانی بەرجام دەتوانێت لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا هەتا پێش لە ڕەزبەری ١٤٠٤ مێکانیزمێک چالاک بکەن کە بە مێکانیزمی ماشە ناسراوە.

لە ئێستادا زۆربەی گوشارە ئابورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی لە گەمارۆکانی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەگەر مێکانیزمی ماشە چالاک بکرێت، هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ پێویستی ڕەزامەندیی شۆرای ئەمنییەت، دەگەڕێنەوە.

ئێستا ئەندامانی بەرجام لەوانە ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ناکۆکییان هەبووە، هەریەکەیان دەتوانن هەتا پێش مانگی ڕەزبەر داواکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان پێشکەش بکەن.

بڵاوکراوەی ڕۆژانەی ئیدارەی سیاسیی سپای پاسداران لەو پێوەندییەدا بە ئاماژە بە شۆکی توندی جێبەجێکردنی مێکانیزمی ماشە، تەنانەت پێش جێبەجێکردنیش- نووسیویەتی: "ڕوونە کە لە نەبوونی وڵامدانەوەی عەقڵانی و خێرادا، بێ متمانەیی گشتی توندتر دەبێت و شەپۆلی دووهەم و سێهەمی هەڵاوسان بە چڕییەکی زیاترەوە سەر هەڵ دەدات".

لە بەشی سیاسیدا بڵاوکراوەی سپای پاسداران پێشنیاری کردووە کە "تۆنی داڕشتنی سیاسەت" لە "هیواسازیی ڕەها"وە بگوازرێتەوە بۆ "ئامادەکاریی دەروونی کۆمەڵگە و چالاکانی ئابووری".