کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسعەد سدیقی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا

11:18 - 30 پووشپەڕ 2725

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی "ئەسعەد سدیقی"، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤیی کوردپا ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئەسعەد سدیقی بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزراوە.
سدیقی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕ بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵی خۆی لە گوندی "کاومەلە"ـی سەر بە شاری سەقز، دەسبەسەر کرابوو.
ناوبراو تاکوو ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ئەسعەد سدیقی ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ـی سەقزە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتگەلی وەپاڵدراوی لەبەر دەستدا نییە.