کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ٨ هەزار پۆلی خوێندن لە ورمێ؛ کرانەوەی تەنیا ٣٤٠ پۆل هەتا مانگی ڕەزبەر

11:20 - 30 پووشپەڕ 2725

پارێزگای ورمێ لەگەڵ کەمیی نزیکەی ٨ هەزار پۆلی خوێندن بەرەوڕوویە و بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، بڕیارە هەتا ڕەزبەری ئەمساڵ تەنیا ٣٤٠ پۆلی خوێندن بە کەرتی پەروەردە زیاد بکرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوە فەرمییەکان، سەرانەی ژینگەی پەروەردەیی لە پارێزگاکە ٤.٢ میتری دووجا بۆ هەر قوتابییەک ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدا کە ئەم ڕێژەیە لە هەندێ ناوچەی وەکوو ورمێدا گەیشتووەتە کەمتر لە ٣ میتریش.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرانەی ستانداردی جیهانیی ژینگەی پەروەردەیی ٨ میتر و لە بەرنامەی حەوتەمی تەوسعەی ڕێژیمدا ٦.١ میتری دووجا بۆ هەر قوتابییەک پێناسەی بۆ کراوە.

ژێرخانی ئێستای ژینگەی پەروەردەیی و ناپەروەردەیی پارێزگا ٢.٢ میلیۆن میتری دووجایە و بۆ گەیشتن بە ستانداردی وڵات، ورمێ پێویستی بە زیاتر لە ١.٥ میلیۆن میتری دووجا ژینگەی نوێ هەیە.

پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەی شۆرای پەروەردە و بارهێنانی پارێزگاکا بە ئاماژە بەم کێشانە، جەختی کردەوە: "کەمیی ٨ هەزار پۆلی خوێندن لە پارێزگا قەبووڵ ناکرێ و دەبێ کەڵک لە خێرخوازان بۆ گەشەی ژینگەی پەروەردەیی وەربگیرێ.

لەلایەکی دیکەوە، پەیام سەدووقی، بەرپرسی گشتیی نۆژەنکردنەوە و تەیارکردنی قوتابخانەکانی ورمێ لەم پێوەندییەدا وتی کە ٩٥ پرۆژە هەن کە ٤٩٤ پۆلی خوێندنیان نیوەچڵە.

لە کاتێکدا کە ورمێ لەگەڵ کەمیی زیاتر لە ٨ هەزار پۆلی خوێندنی بەرەوڕوویە، سەدووقی باسی لە ڕادەستکردنی ٣٤٠ پۆلی خوێندن هەتا مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ کردووە.

دۆخی نالەباری ژینگەی پەروەردەیی لە ورمێ، ئاکامی هەڵاواردن و سیاسەتی ناوەندگەرایانەی ڕێژیمە کە ناوچە ناناوەندییەکانی لە ئیمکانات بێبەری کردووە و ئەم نایەکسانییە بەشێک لە گەڵاڵەی ساختاریی هێزی ڕێژیمە.